ئێران نامەیەک لەبارەی هێرشەکەی ئەمریکا ئاراستەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران نامەیەکی تایبەت بە بۆردوومانکردنی بنکە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی لەلایەن ئەمریکاوە بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ناردووە و دەڵێت: ''وڵاتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی هێرشی سەربازیی کردووەتە سەر وڵاتێکی بێ چەکی ئەتۆمی''؛ هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات: ''هێرشەکە پێشێلکردنی ئاشکرای ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتییە''.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی یەکشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2025، لەبارەی هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی، نامەیەکی بۆ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان نارد.
عێراقچی لە نامەکەیدا بۆردوومانی بنکە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی لەلایەن ئەمریکاوە بە ''پێشێلکاریی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان'' ناوبردووە؛ ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو هێرشە درێژکراوەی زنجیرە هێرشەکانی ئیسرائیلە بۆ سەر ئەو دامەزراوانە، لە کاتێکدا ئیسرائیل ئەندامی پەیماننامەی قەدەخەکردنی چەکی ئەتۆمی نییە و خاوەنی کۆگای چەکی ئەتۆمییە.
وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها نووسیویەتی: ''وڵاتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی هێرشی سەربازیی کردووەتە سەر وڵاتێکی بێ چەکی ئەتۆمی و ئەندامی پەیماننامەی بڵاونەکردنەوەی چەکی ئەتۆمی، ئەوە وێڕای ئەوەی کە چالاکییە ئەتۆمییەکانی لەژێر چاودێری و رێککەوتننامەکانی پشکنینی گشتگیریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدان''.
عێراقچی پێی وایە، هێرشی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی ''جگە لەوەی پێشێلکارییەکی ئاشکرای بنەمای ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتییە، دەکرێت لێکەوتەی کارەساتباری هەبێت، لەوانەش زیانی گیانیی بەرفراوانی خەڵکی سڤیل و وێرانکاریی ژینگەیی درێژخایەن''.
عێراقچی پێی وایە، دەبێت سەرکۆنەی ئەمریکا بکرێت لە بەرامبەر بۆردوومانی بنکە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی، ئاماژەی بەوەش کردووە: "پێویستە حکومەتی ئەمریکا لە بەرامبەر ئەم هێرشە تاوانکارییە بە بەرپرسیار دابنرێت کە لە پشتیوانیی رژێمێکدا ئەنجامی داوە و رژێمەکەش لەژێر سەرکردایەتیی تاوانبارێکی جەنگیی داواکراوی نێودەوڵەتیدایە و جیهان بەرەو ئاژاوە و ناسەقامگیری دەبات''.
بڕیارە ئەمشەو ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تاوتوێکردنی بۆردوومانکردنی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکا کۆببێتەوە. عێراقچی لەو بارەیەوە بۆ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێزی نووسیوە: ''چاوەڕوانی ئەوەتان لێدەکرێت کە بە توندی رووبەڕووی ئەم یاساشکێنییە ئاشکرا و دژەئاشتییە ببنەوە. جیهان چاودێری دەکات؛ بێکردەوەیی، نەوەک هەر ئەم قەیرانە قووڵتر دەکاتەوە، بەڵکو دەبێتەهۆی خراپتربوونی زیاتری ئاسایشی جیهانیش''.
وەزیری دەرەوەی ئێران هەر سەبارەت بە کۆبوونەوەکە باسی لەوەش کردووە: ''چاوەڕێین ئەنجوومەنی ئاسایش و سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بێ هیچ دواکەوتنێک، ئەرکە یاسایی و ئەخلاقییەکانیان بە تەواوی جێبەجێ بکەن. جێگەی پێزانین دەبێت ئەگەر ئەم نامەیە وەک بەڵگەنامەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایش بڵاوبکرێتەوە''.
لە 13ی حوزەیرانەوە ئێران و ئیسرائیل لە جەنگدان. ئەمریکاش رۆژی 22ی ئەم مانگە بە فڕۆکەی جەنگی و مووشەکەوە هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهانی ئێران.