پزیشکیان بۆ ماکرۆن: دەبێت ئەمریکا وەڵامی دەستدرێژییەکانی وەربگرێتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری ئێران بە تەلەفۆن لەگەڵ سەرۆککۆماری فەرەنسا قسەی کرد و باسیان لە هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران کرد. 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2025، سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران بڵاویکردەوە: "مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا بە تەلەفۆن دوایین پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیان تاوتوێ کردووه."
 
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران، پزیشکیان رایگەیاندووە "ئەمریکا هێرشی کردووەتە سەر ئێمە. ئەگەر ئێوە لە دۆخێکی وەهادا بوونایە چیتان دەکرد؟ سرووشتییە کە ئەمریکا وەڵامێک بۆ شەڕەنگێزییەکانی وەربگرێت."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، پزیشکیان گوتوویەتی: "ئێمە باسی متمانەمان لە دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا کرد. ئەمریکاش لەسەر مێزی دانوستاندن قسەی جیاوازی کرد، بەڵام لە راستیدا جیاواز مامەڵەی کرد و هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان. مرۆڤ چۆن متمانەی بە حکومەتێکی وەها بکات؟"
 
پزیشکیان ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئەمریکییەکان سەرەتا بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە تەنیا لە هەوڵی دڵنیابوونن لەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ئاشتیانەیە. پێشوازیمان لە گفتوگۆ کرد، بەڵام دواتر، نەوەک هەر بە پێچەوانە مامەڵەیان کرد، بەڵکو بە هاوئاهەنگی تەواو لەگەڵ ئیسرائیل، لە نێوەڕاستی دانوستانەکاندا هێرشیان کردە سەر وڵاتەکەمان".
 
پزیکشکیان گوتوویەتی: "رووبەڕووی دەستدرێژیی سەربازی بووینەوە. هەمیشە رامانگەیاندووە ئامادەین لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی دانوستاندن بکەین، بەڵام لایەنی بەرامبەر لەبری قبووڵکردنی لۆژیک داوای خۆرادەستکردنی نەتەوەی ئێرانی کردووە. نەتەوەکەمان هەرگیز خۆی رادەست ناکات و سرووشتییە کە وەڵامی شیاوی دەستدرێژی بداتەوە."
 
پزیشکیان رایگەیاندووە "دیپلۆماسی کاتێک سەردەگرێ کە لایەنەکان پابەندی بەڵێنەکانیان بن، نەوەک هێرش بکەنە سەر وڵاتی بەرامبەر و متمانە لە کاتی دانوستانەکاندا لەنێوببەن". 
 
پزیشکیان گوتی: "ئێمە هەمیشە ئامادەیی خۆمان بۆ دیالۆگ و پەیوەندی لەگەڵ ئەورووپا راگەیاندووە و هەرگیز وازمان لەڕێگەی دیپلۆماسی نەهێناوە، چونکە پێمان وایە هیچ کەسێک لە دیالۆگدا زەرەر ناکات. راستگۆیانە رامانگەیاندووە بەدوای شەڕ و چەکی ئەتۆمیدا ناگەڕین، ئاشتی و ئارامیمان لە ناوچەکەشمان دەوێت. ئاشتی و ئارامی بناخەی پێشکەوتن و گەشەسەندنە."
 
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران، ماکرۆن رایگەیاندووە: "ئامادەین بۆ درێژەدان بە رێگەی دیپلۆماسی" و ئاماژەی بەوەشکردووە، "فەرەنسا ئامادەیە بۆ هەنگاونان لەسەر رێگەی دانوستاندن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ راگرتنی ململانێکان و گەڕاندنەوەی سەقامگیری."