سەرمایەدارێکی ئێرانی: نرخی نەوت 80 دۆلار تێدەپەڕێنێت

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرمایەدارێکی ئێرانی لەدوای هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر سێ بنکەی ئەتۆمیی وڵاتەکەی دەڵێت، نرخی نەوت 80 دۆلار و زێڕ 3400 دۆلار تێدەپەڕێنێت.
 
شەوی یەکشەممە 22-06-2025، بابەک زەنجانی، سەرمایەدار و وەبەرهێنەری بەناوبانگی ئێرانیی نزیک لە دەسەڵات، لەبارەی هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی نەتەنز، فۆردۆ و ئیسفەهان لە ئێکس نووسیویەتی، ''ئەمشەو نرخی نەوت (برێنت) دەگاتە 80 دۆلار و نرخی زێڕیش 3400 دۆلار تێدەپەڕێنێت.'' 
 
هاوکات بابەک زەنجانی باسی لە دابەزینی نرخی بیتکۆین کرد و ئاماژەی دا، ''نرخی بیتکۆین دادەبەزێت، چونکە پشتیوانانی جەنگ، بیتکۆینەکانیان دەفرۆشن.''
 
یەکێک لە هەڕەشەکانی ئێران بۆ کاردانەوە بەرامبەر هێرشەکەی ئەمریکا، داخستنی گەرووی هورمزە بەسەر کەشتییەکاندا. ئەو وەبەرهێنە ئێرانییە دەڵێت، ''لە ئەگەری داخستنی گەرووی هورمز یان دروستبوونی هەر جۆرە کێشەیەک لە بەرهەمهێنانی نەوت لە ناوچەکەدا، نرخی نەوت لە جیهاندا دەگاتە نزیکەی 150 دۆلار و مایەپووچبوونی ئابووری بۆ ئەکتەرەکانی ئەم جەنگەی بەدواوە دەبێت، کە بۆ ئەوان لە جەنگ لەگەڵ ئێران مەترسیدارترە.''
 
قسەکانی بابەک زەنجانی لەکاتێکدایە کە ئەمریکا خۆی یەکلایی کردەوە و لەگەڵ ئێران چووە جەنگەوە. دەوروبەری کاژێر 02:50 خولەکی بەرەبەیانیی دوێنێ یەکشەممە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، بە فڕۆکەی جەنگی و مووشەکەوە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهانی ئێران. ئێرانیش هەڕەشەی تووند لە ئەمریکا دەکات. لە بەرامبەردا ترەمپ هۆشداری دەداتە ئێران لەوەی بیر لە تۆڵەسەندنەوە نەکاتەوە.