سوپای پاسداران: بە 40 مووشەک قۆناخێکی نوێی هێرشمان دەستپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا دەستپێکردنی "شەپۆلی بیستەمی ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی راستگۆ 3" راگەیاند و ئاشکرای کرد، لەم قۆناخەدا 40 مووشەکی دیکەیان ئاراستەی ئیسرائیل کردووە.
بەپێی راگەیێندراوی ژمارە 16ی سوپای پاسداران، لە هێرشەکەدا بۆ یەکەم جار مووشەکی بالیستیکی "خەیبەرشکێنن" بەکارهێنراوە کە نەوەی سێیەمی مووشەکەکانی هێزی ئاسمانی سوپای پاسدارانە و خاوەنی چەندین کڵاوەی جەنگییە.
سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە، ئۆپەراسیۆنەکە بە بەکارهێنانی تاکتیکی نوێ و چاوەڕواننەکراو کراوە "بۆ ئەوەی گورزەکان وردتر، وێرانکەرتر و کاریگەرتر بن".
لەبارەی ئامانجەکانیشەوە، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لەم شەپۆلەدا فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن، ناوەندێکی توێژینەوەی بایۆلۆژی و چەندین ناوەندی جێگرەوەی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ لە ئیسرائیل کراونەتە ئامانج.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران، سوپای مووشەکەکان ئاراستەکراو بوون و توانای مانۆڕکردنیان هەبووە تاوەکو ساتی بەرکەوتن و کڵاوەی تەقینەوەی بەهێز و وێرانکەریان هەڵگرتووە.
سوپای پاسداران دەڵێت: "ئەمجارەش زەنگی ئاگادارکردنەوە دوای پێکانی وردی ئامانجەکان لێدرا، ئەمەش دوژمنی تووشی شۆک و تاسان کرد."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا سوپای پاسداران هوشدارییەکی تووند دەدات و دەڵێت: "هێشتا بەشە سەرەکییەکانی توانای هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم بەرگرییە پیرۆزەدا نەخراونەتە گەڕ."
جەنگی ئیسرائیل و ئێران پێی ناوەتە رۆژی دەیەم. بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 2026/06/22 ئەمریکاش هاتە نێو جەنگەکە، کاژێر دەوروبەری 02:50 خولەکی بەرەبەیان دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، بە فڕۆکەی جەنگی و مووشەکەوە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهانی ئێران.