لە تاران کارەبای 100 فەرمانگە و دامەزراوەی حکومی بڕدرا

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای تاران رایگەیاند، بە مەبەستی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کارەبا، 100 فەرمانگە و دامەزراوەی حکومی لە شاری تاران سزا دراون و کارەبایان لە سەر بڕدراوە.
 
رۆژی سێشەممە، 22ی تەمموزی 2025، مەسعود عەزیزی، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای تاران بۆ کاروباری فرۆشتن و خزمەتگوازرییەکان رایگەیاند، لە دوو رۆژی رابردوودا 100 فەرمانگە و دامەزراوەی حکومی بەهۆی زیاد بەکارهێنانی کارەبا سزا دراون و کارەبایان لەسەر بڕاوەتەوە.
 
جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای تاران دەڵێت، فەرمانگە حکومییەکان لە تاران 15٪ی کۆی گشتیی کارەبای شارەکە بەکاردەهێنن و بەهۆی هاتنی شەپۆڵێکی تووندی گەرما پێشبینی دەکەن، بەکارهێنانی کارەبا زیاتر ببێتەوە.
 
مەسعود عەزیزی گوتی، بەمەبەستی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کارەبا، چاودێریکردن و بەدواداچوونی تیمەکانیان بەردەوام دەبێت.
 
عەزیزی داوا لە هاووڵاتییان دەکات، بەکارهێنانی کارەبا کەمتر بکەنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن کارەبای پێویست بۆ هەموو هاوبەشەکان لە شار و گوندەکانی سنووری تاران دابین بکەن.
 
هۆشداریش دەداتە ئەو هاوبەشانەی کارەبای زیاتر لە پێویست بەکاردەهێنن و دەڵێت، رێکاری جیدی لە بەرامبەر ئەو کەس و لایەنانە دەگرنەبەر و ئەو هاوبەشانە سزادەدرێن.
 
لە لایەکی دیکەوە، کامبیز نازریان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای تاران رایگەیاند، بە پێی پێشبینییەکانیان ئەم ساڵ شاری تاران "پێویستی بە شەش هەزار و 250 مێگاوات کارەبا هەیە"، بەڵام ئەوان هەوڵ دەدەن بەکارهێنانی کارەبای شارەکە لە "پێنج هەزار و 200 مێگاوات تێپەر نەکات."
 
کامبیز نازریان دەڵێت، بەهۆی کێشەی کەمیی کارەبا، رۆژانە بە پێی خشتەیەکی دیاریکراو، بۆ ماوەی دوو کاژێر کارەبا لە هەموو گەرەکەکانی شاری تاران دەبڕدرێت.
 
سەرەتای ئەم ساڵ، عەباس عەلی‌ئابادی، وەزیری وزەی ئێران رایگەیاند، "ناهاوسەنگیی زۆر لە کەرتی وزەی وڵاتەکەیدا هەیە و بەم زووانە ناتوانن کێشەکە چارەسەر بکەن"؛ جەختیشی کردەوە، پێشبینی دەکەن "کورتهێنانی کارەبا بۆ 25 هەزار مێگاوات بەرزبێتەوە."
 
ئێران لە هاوینی ساڵی 2024ـەوە تووشی کێشەیەکی گەورەی کورتهێنانی گاز و کارەبا بووە و حکومەت ناچار بووە رۆژانە چەندین کاژێر کارەبا لە سەر ماڵان و کارگەکان ببڕێت.
 
بەشێکی بەرپرسانی ئێران، هۆکاری سەرەکیی کێشەکە بۆ بەکارهێنانی زیادی کارەبا لەلایەن خەڵک و فەرمانگەکانی ئەو وڵاتەوە دەگەڕێننەوە، بۆیە بەردەوام داوای هاوکاری لە خەڵک دەکەن، بەڵام بەشێکی دیکەش دان بەوەدا دەنێن لەم ساڵانەی دواییدا حکومەت وەبەرهێنانی پێویستی لە کەرتی وزەدا نەکردووە.