لە شاری قوومی ئێران تەقینەوەیەک روویدا و 7 کەس بریندار بوون
رووداو دیجیتاڵ
تەقینەوەیەک لە باڵەخانەیەکی شاری قووم، ناوەندی پارێزگای قووم روویدا و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، 7 کەس بریندار بوون.
رۆژی سێشەممە 22ی تەمموزی 2025، عەلی زەندییە، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی قووم رایگەیاند تەقینەوەکە لە باڵەخانەیەکی شەقامی بعستی شاری قووم روویداوە.
عەلی زەندییە گوتی، "تیمەکانی فریاکەوتن و بەرگریی شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و هێزەکانی پۆلیس لە ناوچەکە بڵاوەیان پێکراوە."
سەبارەت بە زیانەکانی تەقینەوەکە، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی قووم رایگەیاند، 7 کەس بریندار بوون و لە لایەن تیمەکانی فریاکەوتن گوازراونەتەوە نەخۆشخانە.
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی قووم ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری تەقینەوەکە دیار نییە، لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکەی دەستی پێکردووە."
ئەوە لە کاتێکدایە، هەر دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاگر لە باڵەخانەیەکی بازرگانی لە ناوچەی ئازادیی ئەنزەلی کەوتەوە تاوەکو ئێستا کۆنترۆڵ نەکراوە.
بەپێی گوتەبێژی ناوچەی ئازادیی ئەنزەلی، ئاگرەکە بە خێرایی تەشەنەی سەندووە و زیانێکی زۆری بە باڵەخانە بازرگانییەکە گەیاندووە.
میدیای فەرمی ئێران دەڵێت، هێلیکوپتەری ئاگرکوژێنەوە لە شوێنی رووداوەکەن و هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە دەدەن.