هاتووچۆی ئێران: لە ساڵێکدا 3,000 منداڵ بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی ئێران دەڵێ، ساڵی رابردوو سێ هەزار منداڵ بە رووداوی هاتووچۆ لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە کە بەشێکیان قوتابی بوون.
تەیموور حوسێنی، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی ئێران رایگەیاند، بە دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن هاتووچۆ لەنێو شارەکان نزیکەی 20٪ زیاتر دەبێ و بەوەش ژمارەی رووداوەکانی هاتووچۆش زیاتر دەبێ.
بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی ئێران گوتی: "ساڵی رابردوو زیاتر لە 20 هەزار کەس لە سەرانسەری ئێران بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا کە نزیکەی سێ هەزار کەسیان منداڵ بوون."
بە گوتەی تەیموور حوسێنی، بۆ کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ و ژمارەی قوربانیانی، پێویستە هەموو دامودەزگە حکومییەکان، وەک وەزارەتی پەروەردە، شارەوانییەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی رێگەوبان، هەروەها هاووڵاتیان هاوکاریی پۆلیسی هاتووچۆ بکەن.
بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی ئێران ئەوەشی خستەڕوو، بۆ پاراستنی گیانی منداڵان و قوتابیان، پلانێکیان بۆ کاتی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن ئامادە کردووە و بڕیارە گەڕانەکانی پۆلیس لە نزیک قوتابخانەکان چالاک بکرێن.
ساڵانە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، هەزاران کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیان لەدەستدەدەن.
سبەی وەرزی نوێی خوێندن لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستپێدەکات.
بەگوێرەی دادپزیشکیی ئێران، لە 21-03-2024 تاوەکو 21-03-2025، 20 هەزار و 45 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.