71 پەرلەمانتاری ئێران داوای دروستکردنی چەکی ئەتۆم دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

71 پەرلەمانتاری ئێران داوا لە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئەو وڵاتەکە و سێ سەرۆکایەتییەکەی ئێران دەکەن، بڕیاری دروستکردنی چەکی ئەتۆم بدات.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 22ی ئەیلوولی 2025، 71 پەرلەمانتاری ئێران لە نامەیەکدا بۆ سەرۆککۆمار، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و هەروەها ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران داوایان کردووە، فەتوای ساڵی 2010ـی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی حەرامبوونی چەکی ئەتۆم، پەیوەندی بە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمەوە هەیە، نەک دروستکردن و راگرتنی ئەو چەکە.
 
ئەو پەرلەمانتارانە دەڵێن: "گۆڕینی سیاسەت لە بارودۆخی جیاواز لە فیقهی ئیمامیدا دەبێتە هۆی گۆڕینی بڕیار. جگە لەوەش بەرژەوەندی پاراستنی ئیسلام کە ئەمڕۆ لەگەڵ پاراستنی سیستەمی کۆماری ئیسلامیدا تێکەڵ بووە، یەکێک لەو ئەرکە گرنگانەیە کە دەتوانێت بڕیاری قەدەخەکردنی بگۆڕێت بۆ بڕیارێکی ڕێگەپێدراو."
 
ئەو پەرلەمانتارانە هەروەها دەڵێن: "رێبەری کۆماری ئیسلامی لە ساڵی 2010 بڕیاری قەدەخەکردنی بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە کاتێکدا داوە، کە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتانی رۆژئاوایی توانای کۆنترۆڵی ئیسرائیلیان هەبوو. ئەمڕۆ ئەم دەسەڵاتە قۆرخکارە، بەبێ ئەوەی رێز لە هیچ پابەندبوونێکی نێودەوڵەتی بگرێت، گەیشتووەتە ئەوپەڕی خراپی هەرشوێنێک بیهوێت هێرشی دەکاتە سەر."
 
لە نامەی 71 پەرلەمانتارەکەدا هاتووە، پێویستە ئێران پێداچوونەوە بە سیاسەتی بەرگری خۆیدا بکات و دروستکردن و راگرتنی چەکی ئەتۆم وەکو چەکێک کە دەتوانێ پێش بە هێرشکردنەسەر ئەو وڵاتە بگرێت، کێشەیەکی نییە.
 
رۆژی 19-9-2025  ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە نۆ دەنگی نەخێر و چوار دەنگی بەڵێ و دوو دەنگی بێلایەن، بڕیاری دا کە سزاکانی سناپ باک بگەڕێنەوە و ئەگەر تاوەکو 28ی ئەم مانگە تاران بە رێککەوتن رازی نەبێت بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت.
 
رۆژی 20ی ئەیلوول ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود پزیشکیاندا رایگەیاند، لە ئەگەری گەڕاندنەوەی سزاکاندا، سەرجەم هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆم هەڵدەپەسێرێت.