وەزیری دەرەوەی ئێران: سزاکان بسەپێندرێنەوە رێککەوتن لەگەڵ ئاژانس هەڵدەوەشێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت؛ لە ئەگەری کاراکردنەوەی سناپ باک (گەڕاندنەوەی سزاکان) وڵاتەکەی کاردانەوەی دەبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 22ی ئەیلوولی 2025، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتی گەیشتنی بۆ نیویۆرک بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند،" لە کاتە جیاوازەکاندا کۆماری ئیسلامییان تاقیکردووتەوە و دەزانن ئێمە بە زمانی گوشار و هەڕەشە وەڵام نادەینەوە."
عێراقچی لەبارەی کاراکردنەوەی سناپ باک رایگەیاند، "ئێران کاردانەوەی دەبێت و سزاکان بگەڕێتەوە رێککەوتن لەگەڵ ئاژانس نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی هەڵدەوەشێتەوە."
عێراقچی دووپاتیکردەوە، "پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران ئاشتیخوازانەیە و دەبێت بڵێین ئێمە ئاشتیخوازین، بەڵام لە کاتی جەنگدا بەهێزەوە بەرگری لە خۆمان دەکەین."
عێراقچی گوتیشی: "ئەگەر تەنیا یەک رێگە چارە هەبێت بۆ چارەسەری کێشەکان تەنیا رێگەی دیپلۆماسییە."
رۆژی 19-9-2025 ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە نۆ دەنگی نەخێر و چوار دەنگی بەڵێ و دوو دەنگی بێلایەن، بڕیاری دا کە سزاکانی سناپ باک بگەڕێنەوە و ئەگەر تاوەکو 28ی ئەم مانگە تاران بە رێککەوتن رازی نەبێت، بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت.
رۆژی 20ی ئەیلوول ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود پزیشکیاندا رایگەیاند، لە ئەگەری گەڕاندنەوەی سزاکاندا، سەرجەم هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆم هەڵدەپەسێرێت.