زیاتر لە 420 دەشتی ئێران مەترسیی بەبیابانبوونیان لەسەرە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری سەرچاوە سرووشتییەکانی ئێران دەڵێ، 421 دەشتی ئێران مەترسیی بەبیابانبوونیان لەسەرە. ئاماژە بەوەش دەکات، نزیکەی 90٪ـی خەڵکی ئەو ناوچانە لەژێر کاریگەریی راستەوخۆی کەمئاویی و لێکەوتە ژینگەییەکاندان.
حەسەن وەحید، بەڕێوەبەری سەرچاوە سرووشتییەکانی ئێران لە 20ـەمین کۆنفرانسی سەرچاوە ئاوییەکانی وڵاتەکە کە لە زانکۆی رازیی کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو، ئاماژەی بە گرفتی کەمئاوی کرد و رایگەیاند، ''مەترسی لەسەر ئێستا و داهاتووی سەرچاوەکانی ئاوی وڵات هەیە.''
بەگوتەی حەسەن وەحید، بەهۆی کەمئاوییەوە، لە 690 دەشتی بەپیتی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، 421ـیان مەترسیی بەبیابانبوونیان لەسەرە و دۆخێکی قەیراناوییان هەیە.
بەڕێوەبەری سەرچاوە سرووشتییەکانی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، نزیکەی 90٪ـی دانیشتووانی ئەو ناوچانە، کاریگەریی راستەوخۆی بەبیابانبوون، کەمئاویی و گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە.
قسەکانی حەسەن وەحید لەکاتێکدان، پێشتر زۆربەی دەشتەکانی ئێران دەریاچە، سەراو و تاڵاویان تێدا بوو، بەڵام بەهۆی وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەواوە ئەم ساڵ بەشێکیان وشک بوون، لەوانەش تاڵاوی دوورگە سەنگی لە نزیک شاری نەغەدەی رۆژهەڵاتی کوردستان کە جاران پڕئاو و سەوز بوو و ئێستا یەک دڵۆپ ئاوی تێدا نەماوە.
چۆن قەیرانەکە تێدەپەڕێندرێ؟
ئێران رووبەڕووی قەیرانی وشکەساڵی بووەتەوە و بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە، زەنگی مەترسیی کەمئاوی لە پایتەخت و زۆربەی شارە گەورەکانی وڵاتەکە لێدراوە. ئەم دۆخە بووەتە هۆی دابەزینێکی پێوانەیی لە ئاستی ئاوی بەنداوەکاندا.
حەسەن وەحید گوتی، قەیرانە ژینگەییەکان بێ هاوکاریی خەڵک چارەسەر نابن و رایگەیاند، ''لە چەند ساڵی رابردوودا، کەرتی تایبەت و دانیشتووانی ناوچە قەیراناوییەکان، ترلیۆنێک و 800 ملیار تمەنیان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ئاو تەرخان کردووە. ئەوە دەرخەری بەشداریکردنی کارای خەڵکە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی.''
بەڕێوەبەری سەرچاوە سرووشتییەکانی ئێران، سوودوەرگرتن لە ئاوی لافاو و بەڕێوەبردنی ئاوی سەرزەوی بەشێوەیەکی رێکوپێک بە کاری لەپێشینە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و رێگریکردن لە تێکچوونی زەوییە کشتوکاڵییەکان دەزانێت.
حەسەن وەحید ئاماژەی بە کاریگەریی پیشەسازی کرد لە وشکبوون تاڵاوەکان، بەرزبوونەوەی رێژەی گەردیلە زیانبەخشەکانی هەوا و دروستبوونی لافاو و گوتی، ''پێویستە کارگە پیشەسازییەکانیش بە شێوەی یاسایی و ئەخلاقی، بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتیی خۆیان [بۆ پاراستنی ژینگە] جێبەجێ بکەن؛ ئەوە ئەرکێکی یاسایی ئەوانە.''
بەڕێوەبەری سەرچاوە سرووشتییەکانی ئێران باسی لەوەش کرد، پڕۆژەیاسایەک بۆ کۆنترۆڵکردن و بەڕێوەبردنی باشتری سەرچاوەکانی ئاوی وڵاتەکە ئامادەکراوە کە دوای پەسندکردنی لەلایەن لیژنەی تایبەتمەندەوە، دەنێردرێتە حکومەت و پەرلەمانی ئێران.
بەپێی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاوی ئێران، تاوەکو نێوەڕاستی پاییزی ئەم ساڵ لە کۆی 31 پارێزگای ئێران لە 19 پارێزگا بەهۆی نەبارینی باران، وشکەساڵی بووە و هیچکات دۆخی ئێران لەرووی بارینی باران لە پاییزدا وەکو ئەم ساڵ خراپ نەبووە.