وەزیری دەرەوەی ئێران: ئەگەری جەنگ رەتناکەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ، بەهۆی بۆردوومانی ئەمریکاوە، زیانی بەرچاو بەر سێ بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهانی وڵاتەکەی کەوتووە. ئاماژە بەوەش دەکات، دەست لە پیتاندنی یۆرانیۆم و بەکارهێنانی ''ئاشتییانە''ـی وەزەی ئەتۆم هەڵناگرن.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەڤپەیڤینێکی میدیاییدا کە رۆژی یەکشەممە 21-12-2025 پەخشکرا، تیشکی خستە سەر کۆمەڵێک مژاری گرنگی تایبەت بە پیتاندنی یۆرانیۆمی وڵاتەکەی، ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ و، چارەنووسی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا.
عەباس عێراقچی ئاماژەی بە پرسی ئەتۆمیی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، ''کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادەی رێککەوتنێکی دادپەروەرانە و هاوسەنگە لە رێگەی دانوستاندنەوە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ناچێتە ژێر باری گوشار و هەڕەشە''.
بەر لە جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، پێنج گەڕی دانوستاندنی ئەتۆمی لەنێوان تاران و واشنتن بەڕێوەچوو. وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، دوای جەنگەکە ئەمریکا پێداگر بووە لە دەستپێکردنەوەی دانوستاندن، ''بەڵام ئەم پێداگرییە بە شێوەیەکی هەڵە دەکرا. چونکە پێویستە دانوستاندن لەسەر بنەمای رێزگرتنی بەرامبەر بێ، نەوەک سەپاندنی داواکارییەکان.''
''زیانی زۆر بەر بنکە ئەتۆمییەکانمان کەوتووە''
حوزەیرانی ئەم ساڵ جەنگێکی 12 رۆژی بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دروستبوو. لە کاتی جەنگەکەدا ئەمریکا هێرشیکردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی نەتەنز، فۆردۆ و ئیسفەهان، ئەمە بۆ خاپوورکردنی ژێرخانی ئەتۆمیی ئێران. عەباس عێراقچی دەڵێت، ''دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان زیانی جدی و بەرچاویان بەرکەوتووە، بەڵام تەکنۆلۆژی (زانستی ئەتۆمی) لەسەر پێیە و بە بۆردوومانکردن لەنێو ناچێت.''
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە، وڵاتەکەی بەکارهێنانی ئاشتییانەی وەزەی ئەتۆم و پیتاندنی یۆرانیۆم بە مافی رەوای خۆی دەزانێ و ''لە پێداگریی مافەکە رەواکەمان پاشگەز نابینەوە.''
لە 29ـی ئەیلوولی ئەم ساڵدا، ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، بەهۆی پابەندنەبوونی تاران بە بەڵێنە ئەتۆمییەکانییەوە، کۆمەڵێک سزای بەرفراوان بەسەر ئێراندا دەسەپێنێتەوە. دواتر 18ـی تشرینی یەکەمیش ئێران کۆتاییهاتنی رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 و بڕیارنامەی 2231ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی راگەیاند و گوتی، هیچ بڕگە و کۆتوبەندێکی پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە کاری پێناکرێ.
عەباس عێراقچی دڵنیایی دەدات، ئێران ئامادەیە هاوشێوەی ساڵی 2015 ئەو متمانەیە بدات کە ''پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئاشتییایە و ئاشتییانەش دەمێنێتەوە، بەو مەرجەی سزاکان لاببرێن و بە لەبەرچاوگرتنی رێز و متمانەبەخشینی بەرامبەر رێککەوتن بکرێ.''
''هاوکاری لەگەڵ ئاژانس رەتناکەینەوە''
وەزیری دەرەوەی ئێران لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بە چارەنووسی هاوکاریی وڵاتەکەی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کرد و گوتی، ''سەرکۆنەنەکردنی هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان، بووە پێشینەیەکی زۆر خراپ لە مێژووی ئاژانسدا.''
عەباس عێراقچی باسی لەوە کرد، ئێران هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رەتناکاتەوە و ''هاوشێوەی پێشوو پابەندی پەیمانی قەدەخەکردنی چەکە کۆمەڵکوژییەکان (ئێن پی تی) دەمێنێتەوە.''
رافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەڵەتیی وزەی ئەتۆم چەند جارێک داوای لە ئێران کردووە رێگە بە پشکنەرانی ئاژانس بدات سەردانی بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، ئیسفەهان و نەتەنز بکەن، کە 22ـی حوزەیران بۆردوومان کران، بۆ دەستنیشانکردنی بڕی زیانەکان و چاودێریکردنی پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەیان، بەڵام تاوەکو ئێستا تاران رێگەی پێنەداون.
بە گوتەی وەزیری دەرەوەی ئێران، لەگەڵ ئاژانس رێککەوتوون، بە مەبەستی دیاریکردنی چوارچێوەیەکی گونجاو بۆ پشکنینی سێ بنکە ئەتۆمییەکە، دانوستاندن بکەن؛ ''بابەتەکە ئێستا لەسەر مێزی گفتوگۆیە.''
''ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ هەیە''
عەباس عێراقچی ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگێکی بەرفراوانی هاوشێوەی حوزەیرانی ئەم ساڵ لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا رەتناکاتەوە و دەڵێت، ''بێگومان ئێمە ئەو ئەگەرە رەتناکەینەوە، بەڵام بە تەواوی ئامادەییمان هەیە، تەنانەت ئامادەتر لە جاری پێشوو.''
وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەشی خستەڕوو، ''ئامادەییمان بە واتای پێشوازیکردن لە جەنگ نییە، بەڵکو ئامانج رێگری لە دروستبوونی جەنگە. ئەگەر لایەنی بەرامبەر بیەوێت هێرش بکاتەوە، دووبارە شکست دەهێنێت.''
قسەکانی عەباس عێراقچی لەکاتێکدان کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەندین جار رایگەیاندووە، ئەگەر ئێران بەدوای نۆژەنکردنەوەی بنکە ئەتۆمییەکان و گەڕاندنەوەی توانای پیتاندنی یۆرانیۆمەوە بێ، دووبارە هێرشی دەکرێتەوە سەر.