پزیشکیان: خۆپێشاندانەکان تاقیکردنەوەیەکی قورس بوون

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری ئێران لە پەیامێکدا بۆ خەڵکی وڵاتەکەی، خۆپێشاندانەکانی چەند هەفتەی رابردوو بە "تاقیکردنەوەیەکی قورس و بەئازار" ناودەبات و دەڵێت، ئەوەی روویدا "پیلانگێڕیی ئەمریکا و ئیسرائیل" بوو بۆ ئەوەی ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان بەرەو تووندوتیژی ببەن.
 
میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لەبارەی دۆخی وڵات و ناڕەزایەتییەکان راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: "ئەوەی لە چەند هەفتەی رابردوودا هەموومان پێیدا تێپەڕین، تاقیکردنەوەیەکی قورس و سەخت بوو کە ئازاری قووڵی بەجێهێشت. ئەم رووداوە تاڵانە بۆ من وەک سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئێوە، لە هەموو کەسێک بەئازارتر بوو."
 
پزیشکیان لە پەیامەکەی دا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ناڕەزایەتی مافی سرووشتیی خەڵکە و حکومەت گوێ لە دەنگیان دەگرێت، بەڵام پێیوایە دەستی دەرەکی ئاڕاستەی خۆپێشاندانەکانی گۆڕیوە.
 
سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت: "پیلانگێڕیی ناحەزانی ئێران و بە دیاریکراوی ئەمریکا و ئیسرائیل، گۆڕەپانی ناڕەزایی مەدەنی و رەوای خەڵکی کردە شەڕێکی خوێناوی و تووندوتیژ."
 
مەسعود پزیشکیان دانی بەوەدا ناوە کە ژمارەی کوژراوان زۆرە و دەڵێت: "بەهۆی تووندوتیژییەکانەوە نزیکەی سێ هەزار هاووڵاتیی ئەم وڵاتە گیانیان لەدەستدا."
 
ئەم ئامارەی حکومەت لەکاتێکدایە، ئاژانسی هەواڵی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران (هەرانا) ئاماری زۆر لەوە زیاتری بڵاوکردووەتەوە. هەرانا دەڵێت، لە سەرەتای ناڕەزاییەکانەوە تاوەکو دوێنێ پێنجشەممە، کوژرانی 5002 کەس پشتڕاستکراوەتەوە و بەدواداچوون بۆ کوژرانی 9 هەزار کەسی دیکەش دەکەن.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی ئەو رێکخراوە مافپەروەرییە، 7391 کەس بە سەختی برینداربوون و 26 هەزار و 852 خۆپێشاندەریش دەستگیرکراون.
 
سەبارەت بە چارەنووسی هەزاران دەستبەسەرکراوی خۆپێشاندانەکان، پزیشکیان رایگەیاندووە فەرمانی کردووە بە "دادپەروەری و بەزەییەوە" مامەڵە بکرێت.
 
پزیشکیان دەڵێت: "بەدواداچوونی ورد بۆ دۆسیەی دەستبەسەرکراوان دەکرێت بۆ ئەوەی ریزەکانی خۆپیشاندەران و تەنانەت فریودراوانیش لەو کەسانە جیا بکرێنەوە کە دەستیان بە خوێنی خەڵکی بێتاوان سوورە." هەروەها بەڵێنی داوە حکومەت قەرەبووی ئەو کەسانە بکاتەوە کە زیانیان بەرکەوتووە.
 
خۆپێشاندانەکانی ئێران لە 28ـی کانوونی یەکەمی 2025 سەرەتا بەهۆی گرانی و دابەزینی بەهای تمەن لەلایەن کاسبکارانی تارانەوە دەستیپێکرد، بەڵام زوو تەشەنەی کرد بۆ شار و پارێزگاکانی دیکە و دروشمەکان ڕووی سیاسییان وەرگرت.