جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران: بە بڕینی ئینتەرنێت رێگریمان لە 'سیناریۆی مەترسیدار' کرد

رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بەرگری لە بڕینی ئینتەرنێت لە وڵاتەکەی دەکات و دەڵێت، ئەو هەنگاوە "سیناریۆی زۆر مەترسیدار"ـی پووچەڵکردووەتەوە و وەک "قفڵکردنی کەشتیگەلی جەنگیی ئەمریکا" بووە لەنێو مۆبایلەکاندا.
 
حەمیدڕەزا حاجی بابایی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند، بڕیاری حکومەت بۆ بڕینی ئینتەرنێت لە سەرانسەری وڵات هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانەکان، بۆ "پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی" بووە.
 
حاجی بابایی گوتی: "ئەم هەنگاوەی حکومەت رێگری لە جێبەجێکردنی سیناریۆی مەترسیدارتر لە دژی ناوەندە هەستیارەکان و ماڵی بەرپرسان کردووە."
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر لەبارەی جۆری سیناریۆکە بخاتەڕوو، بە دەستەواژەیەک وەسفی بڕینی هێڵەکانی ئینتەرنێتی کرد و گوتی: "ئەوە قفڵکردنی شمشێر و کەشتیگەلی جەنگیی ئەمریکایە لە مۆبایلەکاندا."
 
لێدوانەکەی حاجی بابایی لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ هەینی 15 رۆژ بەسەر بڕینی ئینتەرنێت و تۆڕەکانی پەیوەندی لە ئێران تێدەپەڕێت. لە رۆژی 8ی کانوونی دووەمی 2026ـەوە و دوای فراوانبوونی ناڕەزایەتییەکان، حکومەت بڕیاری پچڕاندنی هێڵەکانی دا.
 
رێکخراوی نێتبڵۆکس (NetBlocks) کە چاودێریی دۆخی ئینتەرنێت لە جیهان دا دەکات، ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، بڕانی ئینتەرنێت لە ئێران 348 کاژێری تێپەراندووە، ئەگەرچی ناوە ناوە بە رێژەیەکی زۆر کەم دەکرێتەوە.
 
خۆپێشاندانەکانی ئێران کە لە 28ی کانوونی یەکەمی 2025 دژی گرانی و دابەزینی بەهای تمەن لە تارانەوە دەستیپێکرد و تەشەنەی کرد، ژمارەیەکی زۆر قوربانی لێکەوتووەتەوە.
 
بە گوێرەی ئاماری ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران (هەرانا)، تاوەکو کۆتایی رۆژی پێنجشەممە، کوژرانی 5002 کەس پشتڕاستکراونەتەوە و بەدواداچوون بۆ کوژرانی 9 هەزار کەسی دیکە دەکرێت).
 
ئەمە لەکاتێکدایە حکومەتی ئێران تەنیا دان بە کوژرانی 3 هەزار و 117 کەسدا دەنێت.