ئەمریکا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، ئەمڕۆ هەینی 23-01-2026، سزای نوێی بەسەر (کەشتیگەلی سێبەر)ی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا سەپاند. ئەم هەنگاوە لە وەڵامی "سەرکوتکردنی تووندی خۆپێشاندەرانی ئاشتیخواز و بڕینی تەواوەتیی هێڵی ئینتەرنێت" لەلایەن تارانەوە دێت، کە ئامانج لێی "شاردنەوەی پێشێلکارییەکانە بەرامبەر گەلی ئێران."
 
نووسینگەی کۆنترۆڵی سەرمایە بیانییەکان (OFAC) سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا "9 کەشتیی سێبەر و 8 کۆمپانیای خاوەندارێتی و بەڕێوەبردنی کەشتییەکانی خستە لیستی سزاکانەوە."
 
ئەمریکا دەڵێت، "ئەم کەشتیانە پێکەوە بایی سەدان ملیۆن دۆلار نەوت و بەرهەمە پێترۆکیمیاییەکانی ئێرانیان بۆ بازاڕە دەرەکییەکان گواستووەتەوە." واشنتن هەروەها دەڵێ، ئەم داهاتە کە مافی گەلی ئێرانە، "لەبری خزمەتگوزارییە ئابوورییە سەرەتاییەکان، بۆ پارەدارکردنی گرووپە تیرۆریستییە پاشکۆکانی ئێران لە ناوچەکە، بەرنامەی چەک و دەزگا ئەمنییەکان بەکاردەهێندرێت."
 
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، "ئابووریی رژێمی ئێران خەریکی خۆلەنێوبردنە و ئەم پڕۆسەیەش بەهۆی هەڵمەتی ئەوپەڕی گوشاری سەرۆک ترەمپ خێراتر بووە."
 
بێسێنت ئاماژەی بەوە کرد، "بڕیاری تاران بۆ پاڵپشتیکردنی تێرۆریستان لەبری گەلەکەی، بووەتە هۆی هەرەسهێنانی بەهای تمەن و تێکچوونی بژێوی خەڵک."
 
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا گوتیشی، "ئێمە بەردەوام دەبین لە شوێنکەوتنی ئەو دەیان ملیۆن دۆلارەی کە رژێمی ئێران دزیویەتی و بە نائومێدییەوە هەوڵ دەدات بۆ بانکەکانی دەرەوەی وڵاتی بگوازێتەوە."
 
کۆمپانیا و کەشتییە سزادراوەکان
 
ئەم کەشتیانە لە ژێر ئاڵای وڵاتانی جیاوازدا کاریان کردووە و کۆمپانیاکانیان لە ئیمارات، عومان، هیندستان و چەند شوێنێکی دیکە بنکەیان هەیە. ناوی بەشێک لە کەشتییەکان بریتین لە:
 
1- کەشتیی SEA BIRD (ئاڵای دوورگەکانی پاڵاو) کۆمپانیای (هۆرایزن هارڤێست) لە ئیمارات.
 
2- کەشتیی AVON (ئاڵای کۆمۆرۆس) کۆمپانیای (ئایات) لە هیندستان.
 
3- کەشتیی AL DIAB II (ئاڵای دوورگەکانی پاڵاو) کۆمپانیای (بلاک ستۆون) لە عومان.
 
4- کەشتیی CESARIA (ئاڵای دوورگەکانی پاڵاو) کۆمپانیای (گالێران) لە سیشێڵ.
 
5- کەشتیی LONGEVITY 7 سەر بە کۆمپانیای (لۆنجێڤیتی) لە دوورگەکانی مارشاڵ.
 
هەروەها کۆمپانیاکانی (ئۆدێسی مارین)، (بێنئۆیل شیپینگ) و (ترەید بریج گڵۆبڵ) خراونەتە لیستی رەشەوە.
 
کاریگەریی سزاکان
 
بەپێی بڕیارەکە، هەموو دارایی و بەرژەوەندییەکانی ئەم کۆمپانیا و کەشتیانە لە ئەمریکا یان لە ژێر کۆنترۆڵی کەسانی ئەمریکیدا بێت، سڕدەکرێن؛ هەر مامەڵەیەکی دارایی یان بازرگانی لەگەڵیان قەدەخەیە و سەرپێچیکاران رووبەڕووی سزا دەبنەوە.
 
وەزارەتی گەنجینە دەڵێت، "ئامانجی ئەم سزایانە سزادان نییە، بەڵکو گۆڕینی رەفتارە تووندڕۆییەکانی تارانە."
 
ئەم سزایانە لە چوارچێوەی فەرمانی جێبەجێکردنی 13902 دەرچووە، کە کەرتی نەوت و پترۆکیمیای ئێران دەکاتە ئامانج بۆ جێبەجێکردنی ستراتیژیی "ئەوپەڕی گوشاری ئابووری."