بۆردوومانەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامن؛ زیاتر لە 81 هەزار یەکەی مەدەنی پێکراون


رووداو دیجیتاڵ

هێرش و بۆردوومانەکانی سەر ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە شەو و رۆژ بەردەوامن. تاران زۆرترین هێرشی لەسەرە و چەندین باڵەخانەی نیشتەجێبوون لەو شارە کراونەتە ئامانج؛ بەڕێوەبەری کۆمەڵەی مانگی سووری ئێرانیش رایدەگەیێنێت، لە سەرەتای هێرشەکانەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 81 هەزار یەکەی مەدەنی زیانیان بەرکەوتووە.
 
تیمەکانی فریاکەوتن و مانگی سوور سەرقاڵی لابردنی داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکان، رزگارکردنی هاووڵاتییان و دەرهێنانی تەرمەکانن لە تاران. ئەندامێکی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران لە تاران لە شوێنی یەکێک لە هێرشەکان دەڵێت: "ئێرە ناوچەیەکی نیشتەجێبوونە و پێکدێت لە 17 یەکەی نیشتەجێبوون. بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاژێر 5 بە مووشەک کرایە ئامانج."
 
هەر لەبارەی هێرشەکانی تارانەوە، پیرحوسێن کولیوەند، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران رایگەیاند: "ئێرە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونە کە ژمارەیەک خەڵکی تێیدا دەژیان و بەرەبەیانی ئەمڕۆ کرایە ئامانج. دەستبەجێ تیمەکانی فریاگوزاری لە شوێنەکە ئامادە بوون و توانیویانە 12 کەس لە ژێر داروپەردوو رزگار بکەن و بگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەکان. ئێستاش خەریکی گەڕان و بەدواداچوونن."
 
بۆردوومانەکان رۆژهەڵاتی کوردستانیشیان گرتووەتەوە؛ لە شاری ورمێ باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی بێهداری بۆردوومان کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا زیانەکانی نەزانراون. هاوکات لە شاری تەورێزیش باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون بە مووشەک کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە چوار کەس کوژراون و شەش کەسیش بریندار بوون.
 
لەبارەی ئاماری گشتیی زیانەکانەوە، پیرحوسێن کولیوەند دەڵێت: "لە سەرەتای هێرشە دوژمنکارانەکانی رژێمی زایۆنتی و ئەمریکاوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 81 هەزار و 365 یەکەی مەدەنی کراونەتە ئامانج و زیانیان بەرکەوتووە. لەو ژمارەیە 61 هەزار و 555 یەکەی نیشتەجێبوون، 19 هەزار و 20 یەکەی بازرگانی و 275 یەکەی چارەسەرکردن، تەندروستی و فریاگوزاری لەوانە نەخۆشخانە، بنکەی تەندروستی و دەرمانخانە بوون. هەروەها 498 قوتابخانە بە شێوەیەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ زیانیان بەرکەوتووە."
 
هێرشەکان لە شارەکانی دیکەش بەردەوامن. لە شاری سیرجان بنکەی هێزی دەریایی ئەرتەشی ئێران و کۆگەی چەک و تەقەمەنیی هێزەکە کراونەتە ئامانج. لە شیراز باڵەخانەی پیشەسازیی ئەلیکترۆنیک و لە شاری بەیزا بنکەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران بۆردوومان کراون. هەروەها شارەکانی کەرەج، وەرامین، خورمئاو و بووشێهریش لە بۆردوومانەکان بێبەش نەبوون.
 
ئەم بۆردوومانانە لە کاتێکدان، شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل پێی ناوەتە هەفتەی چوارەمەوە و بەرپرسانی هەردوو لایەن لە هەڕەشەکانیان بۆ بەرفراوانکردنی شەڕەکە بەردەوامن.