شەوی رابردوو لە تاران و چەند شارێکی دیکەی ئێران چی روویدا؟
رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، زنجیرەیەک تەقینەوەی بەهێز تاران و چەند شارێکی دیکەی ئێرانیان هەژاند. بەپێی ئەو زانیارییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە زاری دانیشتووانی ناوچە جیاجیاکانی تاران بڵاوکراونەتەوە، هێرشەکان لە دەوروبەری کاژێر 2ی بەرەبەیان دەستیان پێکردووە و تاوەکو کاتژمێر 4:40 خولەک بەردەوام بوون.
تەقینەوە لە باکووری رۆژهەڵاتی تاران
لە گەڕەکەکانی "نوبنیاد"، "هەروی"، "بنی هاشم" و "پاسداران" دەنگی تەقینەوەی زۆر بەهێز روویانداوە. هەندێک سەرچاوەی پشتڕاستنەکراوە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەری هەیە بنکەی "پۆلیسی دیپلۆمات" لە شەقامی پەناهینیا کرابێتە ئامانج.
چالاکبوونی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی
لە گەڕەکەکانی ناوەندی و باشووری تاران وەک "یوسف ئاباد"، "مونیریە" و "جامی"، دەنگی تەقینەوەی یەک لە دوای یەک بیستراوە. هاوکات لەگەڵ تەقینەوەکان، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی چالاک بووە و دەنگی تەقەی دژەفڕۆکە لە ئاسمانی شارەکەدا بیستراوە. لە ناوچەی "گیشا" و "ئەکباتان"یش دووکەڵ لە ئاسماندا بینراوە.
پچڕانی کارەبا
لە ناوچەکانی "ئەفسەریە" و "مەسعودیە" لە باشووری تاران، هاوکات لەگەڵ دەنگی تەقینەوەکان، کارەبای ماڵان پچڕاوە. هەروەها لە گەڕەکی "پیرۆزی"، قوتابخانەیەک بە ناوی "17ی شەهریوەر" کە دەگوترێت هێزە ئەمنییەکانی تێدا جێگیر بووە، کراوەتە ئامانج و کۆڵانەکانی دەوروبەری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە داخراون.
فڕینی فڕۆکەی جەنگی لە شارەکانی دیکە
تەنیا تاران نەبووە کە شەوێکی نائارامی بەڕێکردووە، ئیسفەهان، ورمێ، تەورێز و چەندین شاری دیکە بۆردوومان کراون، لە شارەکانی "تەنکابن"، "شەهسوار" و "کەلار دەشت" لە پارێزگای مازەندەران و هەروەها لە پارێزگای "قەزوین"، دەنگی فڕینی فڕۆکەی جەنگی بیستراوە.
میدیای ئێران بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی هێرشەکان لە ورمێ و خورەمئاوا چەند شوێنێکی نیشتەجێبوون کراونەتە ئامانج و خەڵکی سڤیل بەو هۆیەوە گیانیان لەدەست داوە.
هێرش بۆسەر تەلەڤزیۆنی خەلیجی فارس
بەڕێوەبەری گشتیی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ناوەندی "خەلیجی فارس" رایگەیاند، بنکەی پەخشی ئەو ناوەندە لە شاری بەندەرعەباس کراوەتە ئامانجی هێرشێکی "ئەمریکی-ئیسرائیلی" و بەو هۆیەشەوە کارمەندێک کوژراوە و یەکێکی دیکەش بریندار بووە.
لەبارەی زیانە گیانییەکان، بەرپرسانی ناوەندەکە پشتڕاستیان کردەوە کە کارمەندێکی بەشی پاراستن کوژراوە و کارمەندێکی دیکەی هەمان بەش بریندار بووە.