دوایین پێشهاتەکانی جەنگی ئێران

 
رووداو دیجیتاڵ

جەنگی رۆژھەڵاتی نێوەڕاست چووەتە قۆناخێکی نوێوە. لە کاتێکدا ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ ھێرشی وشکانیی بەرفراوان لە لوبنان دەکات، واشنتن باس لە ئەگەری چڕکردنەوەی ھێرشەکان دەکات بۆ کۆتاییھێنان بە جەنگ، تارانیش ھەڕەشەی داخستنی تەواوەتی تەنگەی ھورمز دەکات.
 
سوپای ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە 22-03-2026 رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە وشکانییەکانی دژی حیزبوڵڵا فراوانتر دەکات. ئیال زەمیر، سوپاسالاری ئیسرائیل ھۆشداری دا "ئۆپەراسیۆنەکە تازە دەستیپێکردووە." ھاوکات گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەکەی لەبەردەم "چەندین ھەفتەی" دیکەی شەڕدایە دژی ئێران و حیزبوڵڵا.
 
لە بەرامبەردا، جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنان بۆردوومانکردنی پرد و ژێرخانەکانی باشووری وڵاتەکەی لە لایەن ئیسرائیلەوە سەرکۆنە کرد و گوتی، ئەمە "پێشەکیی داگیرکاریی وشکانییە."
 
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی "Meet the Press"ـی کەناڵی NBC رایگەیاند، رەنگە ئەمریکا ناچار بێت ئاستی ھێرشەکانی بۆ سەر ئێران زیاتر بکات تاوەکو بتوانێت جەنگەکە رابگرێت. بێسێنت گوتی: "ھەندێک جار دەبێت ئاستی گرژییەکان بەرز بکەیتەوە تاوەکو بتوانیت ھێوری بکەیتەوە."
 
بەرپرسانی عێراق رایانگەیاند، سێ ھێرشی ئاسمانی بنکەکانی حەشدی شەعبیان لە باشووری بەغدا پێکاوە. ئەم ھێرشانە دوای ئەوە هاتن، درۆنێک ناوەندی دیپلۆماسی و لۆجستیی ئەمریکای لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کردبووە ئامانج. 
 
کۆماری ئیسلامیی ئێران ھەڕەشەی تووندی لە ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە کرد. ژووری عەمەلیاتی (خاتەمولئەنبیا) رایگەیاند، ئەگەر دۆناڵد ترەمپ ھێرش بکاتە سەر وێستگەکانی کارەبای ئێران، تەنگەی ھورمز "بە تەواوەتی دادەخرێت."
 
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان ھۆشداری دا، ئەگەر ژێرخانی ئێران بپێکرێت، ئەوا هەموو ژێرخانی وزەی ناوچەکە بە جۆرێک وێران دەکەن کە چاککردنەوەیان مەحاڵ بێت، ئەمەش دەبێتە ھۆی گرانبوونی نرخی نەوت بۆ ماوەیەکی درێژخایەن.
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کاتی سەردانی بۆ شاری (عەراد) کە بە مووشەکی ئێرانی پێکرابوو، بەڵێنی دا راوەدووی فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران دەکات و گوتی: "ئێمە بە دوای رژێم و ئەم تاقمە تاوانبارەوەین."
 
لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل لێکۆڵینەوەیەکی دەستپێکردووە تاوەکو بزانێت ئایا ئەو هاووڵاتییە ئیسرائیلییەی لە نزیک سنووری لوبنان کوژراوە، بە تەقەی حیزبوڵڵا بووە یان بە "تەقەی ھەڵەی" سەربازانی ئیسرائیل بووە.
 
رێکخراوی تەندروستیی جیھانی (WHO) ھۆشداری دا، ھێرشەکان بۆ سەر دەوروبەری بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران و ئیسرائیل، جەنگەکەی گەیاندووەتە "قۆناخێکی پڕ مەترسی" و داوای دانبەخۆداگرتنی کرد.
 
وەزارەتی بەرگریی سعوودیە رایگەیاند، سێ مووشەکی بالیستییان لە دەوروبەری ریازی پایتەخت تێکشکاندووە. ئیماراتیش رایگەیاند، وەڵامی چەندین ھێرشی مووشەکی و درۆنیی ئێرانی داوەتەوە.