سەرۆکی پەرلەمانی ئێران: هیچ دانوستاندنێک لەگەڵ ئەمریکا نەکراوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، گفتوگۆ لەگەڵ ئێران هەیە بۆ رێککەوتن، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند؛ هیچ دانوستاندنێک لەگەڵ ئەمریکا نەکراوە.
رۆژی دووشەممە، 23ی ئاداری 2026، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "هەموو بەرپرسەکان لە پشت سەرکردە و گەلەکەیانەوە وەستاون تاوەکو ئامانجەکەیان بەدیدێت."
سەبارەت بە دانوستاندن لەگەڵ ئێران، قالیباف گوتی: تائێستا هیچ دانوستاندنێک لەگەڵ ئەمریکا نەکراوە، هەواڵی ساختە بۆ یاریکردنە بە بازاڕی دارایی و نەوت و دەربازبوونە لەو زلکاوەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل تێیدا گیریان خواردووە."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گوتیشی: "گەلی ئێران داوای سزای تەواو و پەشیمانکەرەوە لە دەستدرێژکاران دەکەن."
دۆناڵد ترەمپ، بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند: "نازانێت میدیاکانی ئێران باسی چی دەکەن، چونکە تازە گفتوگۆ لەگەڵ ئێران دەستیپێکردووە، راستییەکەی شەوی رابردوو ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر لەگەڵ هاوتاکانیان گفتوگۆیان کردووە."
ترەمپ بە "تۆڕی فۆکس بزنس"ی ئەمریکی گوت، گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران بەردەوامن، پێنج رۆژ هێرشەکانیان بۆ سەر وێستگەکانی کارەبا و وزەی ئێران رادەگرن، لەوانەیە لەو ماوەیەشدا یان کەمتر رێککەوتن لەگەڵ ئێران بکەن.
هاوکات سەرۆکی ئەمریکا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، کارەکان لەگەڵ ئێران "زۆر بە باشی بەڕێوەدەچن،" ئەمەش تەنیا کەمێک دوای ئەوە هات، کە دەستپێکردنی دانوستاندنەکانی لەگەڵ تاران و راگرتنی هێرشەکانی بۆ سەر وێستگەکانی کارەبای ئەو وڵاتە بۆ ماوەی 5 رۆژ راگەیاند.
رۆژی دووشەممە 23ی ئاداری 2026، ترەمپ لە لێدوانێکی کورتدا لە رێگەی تەلەفۆنەوە بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت، "کارەکان زۆر بەباشی بەڕێوەدەچن." گوتیشی، "ئێران زۆر پەرۆشی رێککەوتنە و لەوانەیە لە 5 رۆژ یان کەمتردا رێککەوین."