وەزارەتی دەرەوەی ئێران: پەیاممان پێگەیشتووە، بەڵام دانوستاندن نەکراوە


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ئێران رەتیکردەوە، هیچ دانوستاندنێکیان لەگەڵ ئەمریکا کردبێت، بەڵام نەیشاردەوە هەندێک پەیامیان لە "وڵاتانی دۆست"ەوە پێگەیشتووە.
 
رۆژی دووشەممە، 23ـی ئاداری 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "لە چەند رۆژی رابردوودا هەندێک پەیام لە هەندێک وڵاتی دۆستەوە گەیشتوون، کە داوای دانوستاندن دەکەن لەگەڵ ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ دەکەن، کە بە شێوەیەکی گونجاو و بەپێی هەڵوێست و پرەنسیپییەکانی وڵاتەکە وەڵامیان دراوەتەوە."
 
بەقایی، هەرچەشنە دانوستاندن و گفتوگۆیەک لەگەڵ ئەمریکا لە ماوەی 24 رۆژی ڕابردوودا رەتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە،"هەڵوێستی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە تەنگەی هورمز و مەرجەکانی کۆتاییهێنان بە شەڕی سەپێندراو هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە."
 
 دۆناڵد ترەمپ، بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند: "نازانێ میدیاکانی ئێران باسی چی دەکەن، چونکە تازە گفتوگۆ لەگەڵ ئێران دەستیپێکردووە، راستییەکەی شەوی رابردوو ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر لەگەڵ هاوتاکانیان گفتوگۆیان کردووە."
 
ترەمپ بە "تۆڕی فۆکس بزنس"ی ئەمریکی گوت، گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران بەردەوامن، پێنج رۆژ هێرشەکانیان بۆ سەر وێستگەکانی کارەبا و وزەی ئێران رادەگرن، لەوانەیە لەو ماوەیەشدا یان کەمتر رێککەوتن لەگەڵ ئێران بکەن.
 
هاوکات سەرۆکی ئەمریکا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، کارەکان لەگەڵ ئێران "زۆر بە باشی بەڕێوەدەچن،" گوتیشی، "ئێران زۆر پەرۆشی رێککەوتنە و لەوانەیە لە 5 رۆژ یان کەمتردا رێککەوین."
 
بەرەبەیانیی دوێنێ یەکشەممە ترەمپ هۆشداری دایە  ئێران، ئەگەر لە ماوەی 48 کاژێردا گەرووی هومرز نەکاتەوە هێرش دەکاتە سەر کەرتی وزەی وڵاتەکە، سەرەتاش لە وێستگە گەورەکانی کارەبا دەدات، بەڵام ئەمڕۆ دووشەممە لە پۆستێکدا لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیاڵ رایگەیاند، گفتوگۆی زۆرباشیان لەگەڵ ئێران هەبووە، بۆیە مۆڵەتەکەی بۆ 5 رۆژی دیکە درێژ کردووەتەوە.