ئێران پۆلیسی باڵاپۆشیی ناچاری لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان جێگیر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی ناچارکردنی ژنان بۆ پابەندبوون بە باڵاپۆشی دوو هەفتەیە ژمارەیەکی زۆریان لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران جێگیر کراون؛ جێگیربوونێک کە دڵەڕاوکێی خستووەتە دڵی ژنان و کچان و ناتوانن بە ئاسوودەیی بە نێو شاردا هاتووچۆ بکەن.
حکومەتی ئێران چوارچێوەیەکی دیاریکراوی بۆ شێوازی جلوبەرگی ژنان داناوە. بەپێی ئەو چوارچێوەیە، نابێت جگە لە دەموچاو هیچ شوێنێکی دیکەی جەستەی ژنان بەدەرەوە بێت، بە تاڵی مووشیانەوە.
بەشێک لە ژنان و کچانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەترسی دەستبەسەرکردن و سزادان پابەندی بڕیاری باڵاپۆشی دەبن، بەڵام بەشێکی دیکەیان پابەند نابن.
دوای ناڕەزاییەکانی ساڵی 2022، لە رۆژهەڵاتی کوردستان پابەندیی کچان و ژنان بە باڵاپۆشی کەمتر بووەتەوە. حکومەتی ئێران دەیەوێت، بە هێزی پۆلیس و گوشاری سزادان، ئەو رەوتە پێچەوانە بکاتەوە، بەڵام وادیارە گەیشتنی بەو ئامانجە، ئاسان نابێت.