دەنگی تەقینەوە لە ئاسمانی تاران بیسترا و ئیسرائیل رەتیدەکاتەوە هێرشی کردبێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی ئەمنیی ئیسرائیل رەتیدەکاتەوە وڵاتەکەی هێرشی ئاسمانیی نوێی کردبێتە سەر ئێران، ئەوەش دوای ئەوەی میدیاکانی تاران بڵاویانکردەوە کە دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە ئاسمانی پایتەخت بیستراوە.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی ئیسرائیلی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی نیسانی 2026، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە: "لەم کاتەدا ئیسرائیل هیچ هێرشێک ناکاتە سەر ئێران."
ئەم روونکردنەوەیەی ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە میدیای فەرمیی ئێران پێشتر بڵاویکردبووەوە، چەند تەنێکی دژبەر لە ئاسمانی تاران بینراون، سیستمی بەرگریی ئاسمانی چالاک کراوە و دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە ئاسمانی تارانی پایتەخت بیستراوە، کە ئەمەش ترسی لای خەڵک دروستکردبوو لەوەی رەنگە هێرشی نوێ دەستیپێکردبێت.