ئێران نرخی شیری 30٪ بەرزکردەوە

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی ئێران نرخی شیری بەرزکردەوە و ئەندامێکی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی بەرهەمە شیرەمەنییەکانی ئێرانیش دەڵێ، بڕیارەکە پێویست بوو.
 
ئەمڕۆ شەممە، 23ی ئایاری 2026، حەمید سووری، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنی بەرهەمە شیرەمەنییەکانی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند: "سەرەکیترین هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی شیری خاو بۆ نرخی دراوی ئازاد (دۆلار) دەگەڕێتەوە کە لە نزیکەی 4 بۆ 5 مانگ لەمەوبەرەوە ئازاد کراوە."
 
حەمید سووری گوتی: "لابردنی پاڵپشتییەکانی حکومەت و دابینکردنی پێداویستییەکانی ئاژەڵ بەو دراوە ئازادە، بووەتەهۆی بەرزبوونەوەیەکی زۆری نرخی ئالیک و پێداویستییەکانی دیکەی ئاژەڵداری. لە ئەنجامدا ئاژەڵداران لەم دۆخەدا زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە."
 
حەمید سووری ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەگەر نرخی شیر و گۆشتی سووریش زیاد نەکرێ، بە دڵنیاییەوە ژمارەیەکی زۆر لە ئاژەڵداران مایەپووچ دەبن".
 
حکومەت بۆ پاڵپشتی و هێشتنەوەی کەرتی ئاژەڵداری و پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی شیر، نرخی شیری بە رێژەی 30٪ بەرزکردوەتەوە و بڕیارەکە لە دوێنێ هەینییەوە کەوتە واری جێبەجێکردنەوە. 
 
بەگوێرەی ئەو نرخەی حکومەت دیاریکردووە، ئیدی ئاژەڵداران لیترێک شیر بە 60 هەزار و 500 تمەن (33 سەنت) دەدەنە کارگەکان، ئەوە لەکاتێکدایە پێش ئەم بڕیارە کارگەکان یەک لیتر شیریان بە 45 هەزار تمەن لە ئاژەڵداران وەردەگرت.
 
وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران هۆکاری ئەو بڕیارەی بۆ پاڵپشتیکردن لە ئاژەڵداران گەڕاندەوە و دەڵێ، تێچووی بەخێوکردنی ئاژەڵ بە لەبەرچاوگرتنی گرانبوونی نرخی ئالیک و دەرمان بەرزە و ئەگەر نرخەکە بەرز نەکرێتەوە، کەرتی ئاژەڵداری تووشی داڕمانی گەورە دەبێت.