سەرۆکی پەرلەمانی ئێران: ترەمپ هەڵە بکات، وەڵاممان وێرانکەرتر دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سوپاسالاری پاکستان رایگەیاند، لە مافەکانی ئێران پاشەکشە ناکەن.
رۆژی شەممە، 23>ـی ئایاری 2026، میدیای ئێران بڵاویکردەوە، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری ئێران، لەگەڵ عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان کۆبووەتەوە.
قالیباف لە کۆبوونەوەکەدا گوتوویەتی: "ئێمە لە مافەکانی گەل و نیشتمانەکەمان پاشەکشە ناکەین، بەتایبەتی لەگەڵ لایەنێک کە نە راستگۆیە و نە جێگەی متمانەیە."
قالیباف رایگەیاندووە: "کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک چۆن لە مەیدانی جەنگدا بە بوێری و بە هێزەوە بەرگری لە ئێران کرد، لە بواری دیپلۆماسییشدا بە هۆشیاری و بە هێزەوە بۆ دەستەبەرکردنی مافە رەواکانی ئێران و دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی وڵات تێدەکۆشێت."
قالیباف باسی لەوە کردووە کاتێک جەنگەکە لە کۆتایی شوبات دەستی پێکرد، ئێران و ئەمریکا لە دانوستاندندا بوون و ئێستاش واشنتن داوای دانوستاندن دەکات.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لەبارەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگیش قسەی کرد و گوتی: "هێزە چەکدارەکانی ئێمە لە ماوەی ئاگربەستدا بە جۆرێک خۆیان ئامادە کردووەتەوە کە ئەگەر ترەمپ تووشی هەڵەیەک بێت و جەنگ دەست پێبکاتەوە، بێگومان وەڵامی ئێمە بۆ ئەمریکا زۆر کوشندەتر و تاڵتر دەبێت لە رۆژی یەکەمی جەنگەکە."
عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان دوێنێ چووە تاران و ئامانجیشی هەوڵدانە بۆ ئەوەی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران بگاتە رێککەوتن.