بەهۆی گرانبوونی نرخی شیر، نرخی شیرەمەنییەکان لە ئێران 70% بەرزدەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

لە ئێران سەندیکای گاودارانی ( شوێنی بەخێوکردنی مانگا) ئەو وڵاتە پێشنیازیان کردووە کە نرخی شیر بەرزبکرێتەوە بۆ 6400 تمەن و ئەوەش نیگەرانی لای خاوەن پیشەسازییەکانی شیرەمەنی دروستکردووە.
 
محەمەد رەزا بەنی تەبا، سەرۆکی ئەنجومەنی پیشەوەرانی شیرەمەنی رایگەیاند، بەرزکردنەوەی نرخی کیلۆیەک شیر بۆ 6400 تمەن دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی بەرهەمە شیرەمەنییەکان بەرێژەی 70٪.
 
بەنی تەبا رایگەیاند کە نرخی شیر سەدا 65 ی نرخی شیرەمەنییەکان پێکدەهێنێت و بە زیادکردنی تێچووی کارەبا و لە قوتونان و پێچانەوەی بەرهەمەکان و هەروەها گواستنەوەیان، بە ئەگەری زۆرەوە نرخەکان تاوەکو 70٪ زیاد دەبن کە لەسەرووی دەسەڵاتی کڕینی زۆربەی هاووڵاتییانە.
 
پێشتر نرخی هەر کیلۆ شیر لەلایەن ئەنجوومەنی گاودارییەکانی ئێران بە 4500 تمەن دەستنیشانکراوەو هەر کیلۆ شیر بە 5 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرا. بەپێی ئامارەکانی بانکی ناوەندی نرخی هەر کیلۆ شیر لە ماوەی یەکساڵدا بەریژەی 47٪ بەرزبووەتەوە.