بەربژێرێکی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران: سەربکەوم پەیوەندییەکان لەگەڵ جیهان ئاسایی دەکەمەوە
رووداو دیجیتاڵ
ریفۆرمخوازانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی هەندێک ڤیدیۆ دەڵێن، خەریکە شەپۆلی هەڵبژاردن بەڕێدەکەوێت، بەڵام دیسانیش کەمپینی بانگەشەی بەربژێرەکەیان ئەوەندە قەرەباڵخ نییە.
مەولەوی عەبدولخالق حوسێن زەهی، پێشنوێژ و گوتارخوێن لە بەلوچستان دەڵێت، "هەڵبژاردن کاتێک دەبێت کە هەموو شت لەسەر جێگەی خۆی بێت. دادپەروەری هەبێت. رێز لە خەڵک بگیرێت. نابێت خۆتان لەوە خۆش کردبێت خەڵکێک کە لە دابینکردنی نانی شەودا ماوەتەوە، خەڵکێک کە لە بەیانییەوە تاوەکو نیوەڕۆ لە نۆرەی نان و بەنزین دەوەستن، خەڵکێک کە رێگەوبانی بۆ دروست نەکراوە، خەڵکێک کە کارەبا بۆیان بووەتە ئاوات، خەڵکێک کە ئاویان نییە، بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن."
دۆخی ئابووریی خەڵکی ئێران خراپە و هەموو بەربژێرانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری، سەرنجی زیاتر دەخەنەسەر چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە. بەربژێری ریفۆرمخوازان دەڵێت، ئەگەر دەنگ بهێنێتەوە، حکومەتەکەی پابەندی راسپاردەکانی کۆمەڵەی شەفافییەتی دارایی دەبێت و پەیوەندییەکان لەگەڵ جیهان ئاسایی دەکاتەوە، تاوەکو گەمارۆ نەمێنن. بەربژێری نەریتخوازانیش دەڵێن، هەر بەو سیاسەتانەی ئێستا، کێشەی ئابووری چارەسەر دەکەن.
مەسعود پزیشکییان، بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران دەڵێت، "ئەرکی ئێمەیە ئەوە بکەین و باوەڕم بەوەیە. رەنگە سبەی کەسانێک لەنێو سیستمدا بن و نەیانەوێت. ئەوانەی بە گەمارۆکان کاسبی دەکەن، بۆیان گرنگە کە گەمارۆمان لەسەر لانەبرێت تاوەکو لە کەشێکی ناڕووندا بخۆن و چیان بوێ بیبەن. دەبێت ئەوەیان لێ تێکبدەین."
محەممەد باقر قالیباف، بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران پێیوایە دەتوانن هەر بەپێی ئەو پلانی حەوتەمی گەشەپێدانە کە پەسند کراوە، ئابوورییان لە ماوەی پێنج ساڵدا بگەیێننە ئاستێکی سەقامگیر.
بانگەشەی هەڵبژاردنی بەربژێرانی چواردەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران بەیانیی پێنجشەممە کۆتایی دێت و هەینی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت. تاوەکو ئێستا نە بەربژێری ریفۆرمخوازان توانیویەتی شەپۆلی هەڵبژاردن بەڕێبخات و نە نەریتخوازان لەسەر بەربژێرێک رێککەوتوون.