هێرشکرایە سەر گرتووخانەی ئێڤینی تاران
رووداو دیجیتاڵ
لە 11یەمین رۆژی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ئەمڕۆ ئیسرائیل گرتووخانەی ئێڤینی لە تاران کردە ئامانج.
ئاژانسی هەواڵی فارس، نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران، بڵاویکردەوە، بە درۆنی بچووک هێرش کراوەتە سەر گرتووخانەی ئێڤین، بەڵام دۆخەکە کۆنترۆڵ کراوەتەوە.
میدیای ئێران گرتەی ڤیدیۆیی هێرشەکەی بڵاوکردەوە، تێدا دەردەکەوێت تەنێک خۆی بە دەروازەی سەرەکیی گرتووخانەکەدا دەکێشێت و تەقینەوەیەک روودەدات.
بەپێی بەشێکی دیکە لە میدیای ئێران، بەشەکانی پاسەوانی، کارگێڕی و دادوەریی گرتووخانەکە کراونەتە ئامانج.
زیندانییەک بەناوی ئەبولفازل قەدیانی، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە کوڕەکەی راگەیاندووە، بەهۆی هێرشەکەوە شووشەی سەرجەم پەنجەرەکانی هۆڵی چوارەمی گرتووخانەی ئێڤین شکاون، کە گیراوانی سیاسی و ئەمنی تێدا رادەگیرێن.