جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران: تیمێکی تەکنیکیی ئاژانسی وزەی ئەتۆم سەردانی ئێران دەکات
رووداو دیجیتاڵ
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی رازی بووە تیمێکی تەکنیکیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم سەردانی ئێران بکات.
رۆژی چوارشەممە، 23ی تەمموزی 2025، کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئێران رەزامەندی دەربڕیوە کە لە چەند هەفتەی داهاتوودا رێگە بە تیمێکی تەکنیکی لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بدات سەردانی ئێران بکەن و تاوتوێی چۆنییەتی پەیوەندییەکانیان بکەن.
کازم غەریب ئابادی گوتی: "ئەم تیمە بۆ تاوتوێکردنی شێوازێکی نوێی کارکردن لەگەڵ ئێران دێن و سەردانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان ناکەن."
دوای هێرشەکانی ئەمریکا ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، رۆژی چوارشەممە، 25ی حوزەیرانی 2025، پەرلەمانی ئێران پڕۆژەیاسای هەڵپەساردنی هاوئاهەنگی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم پەسند کرد.
دوای پەسندکردنی پڕۆژەیاساکە، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند: "تاوەکو ئاسایشی دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان گەرەنتی نەکرێت، ئێران هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رادەگرێت." جەختیشی کردەوە، "بەرنامەی ئاشتیخوازانەی ئەتۆمیی ئێران بە خێراییەکی زیاترەوە بەردەوام دەبێت."
رۆژێک دواتر، ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران یاساکەی پەسند کرد.
راگرتنی هاوکارییەکانی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە کاتێکدایە، تاران لە هەڵوێستی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە و رافایل گرۆسی، سەرۆکی رێکخراوەکە لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ناڕازییە و پێیوایە، "هەڵوێستە نادروستەکانی رێکخراوەکە بوونەتە هۆکاری هێرشکردنە سەر ئێران".