گوتەبێژی حکومەتی ئێران: ئەو یۆرانیۆمەی 60٪ پیتێندراوە لە ژێر زەویدا ماوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، ئەو یۆرانیۆمەی بە رێژەی 60٪ پیتێندراوە، دوای بۆردوومانکردنی ناوەندە ئەتۆمییەکانیان لە لایەن ئەمریکاوە لە ژێر زەویدا ماوەتەوە و دەستیان پێڕاناگات. دەشڵێت، ئێران لەبارەی توانا مووشەکییەکانی دانوستاندن ناکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، 23ی ئەیلوولی 2025، فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران لەبارەی ئەگەری دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا رایگەیاند، گۆڕینەوەی پەیام لە نێوان ئێران و ئەمریکا بە شێوەیەکی ناڕاستەخۆ هەبووە و بەردەوامیش دەبێت.
سەبارەت بە چارەنووسی یۆرانیۆمەکەی ئێرانیش، بە رێژەی 60٪ پیتێندراوە، فاتمە مهاجرانی ئاماژەی بە بۆردوومانکردنی ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران لە لایەن ئەمریکاوە کرد و گوتی، یۆرانیۆمەکە لە ژێر زەویدا ماوەتەوە و دەستیان پێناگات.
فاتمە مهاجرانی گوتی: "ئێمە بۆ بەرگریکردن لە خەڵکی خۆمان داوای مۆڵەت لە کەس ناکەین. لە ماوەی جەنگی 12 رۆژەدا هەموو لایەک بینیان کە هاوتەریب لەگەڵ یەکڕیزیی نیشتیمانی، ئەوە توانا مووشەکییەکانی ئێمە بوو کە بەرگری لە خەڵکی خۆمان کرد."
بە گوتەی مهاجرانی، توانا مووشەکییەکانی ئێران بەشێکە لە ستراتیژی ئاسایشی وڵاتەکە و بە هیچ شێوەیەکی سازشی لەسەر ناکەن.
سەبارەت بە ئەگەری کاراکردنی میکانیزمی سناپ بەک و گەڕاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ئەو وڵاتە، گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، حکومەت گەشبینە بەوەی لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ لایەنە ئەورووپییەکان بگاتە رێککەوتن، بەڵام ئامادەکاریی پێویست بۆ خراپترین سیناریۆش کراوە.