خامنەیی: ئەمریکا دەیەوێ توانای مووشەکیمان هێندە لاواز بێت نەتوانین وەڵامی سەربازگەیەکیشی لە عێراق بدەینەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

عەلی خامنەیی دەڵێ، دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا هیچ سوودێکی بۆ بەرژەوەندیی نیشتمانی نییە و تەنانەت زیانیشی هەیە. ئاماژە بەوەش دەکات، ئەمریکا دەیەوێت توانای مووشەکیی وڵاتەکەی هێندە لاواز بێت، نەتوانن وەڵامی سەربازگەیەکی ئەمریکاش لە عێراق بدەنەوە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 23ی ئەیلوولی 2025 عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، "ئێستا لەرووی پیتاندنی یۆرانیۆمەوە لە ئاستێکی بەرزداین. بێگومان ئەو وڵاتانەی دەیانەوێ چەکی ئەتۆمی دروست بکەن، پێویستیان بە پیتاندنی یۆرانیۆمە بە رێژەی 90٪. بەو پێیەی پێویستمان بە چەکی ئەتۆمی نییە و بڕیارمان داوە ئەو چەکەمان نەبێ، پیتاندنی یۆرانیۆممان نەگەیاندوەتە ئەو ئاستە. پیتاندنی یۆرانیۆممان بۆ 60٪بەرز کردوەتەوە کە ئاستێکی زۆر بەرزە و زۆریش باشە بۆ هەندێک لەو ئەرکانەی لە وڵاتدا پێویستن."
 
رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران گوتی، "لەنێو دوو سەد وڵاتی جیهاندا 10 وڵات هەن کە توانای پیتاندنیانی یۆرانیۆمیان هەیە. یەکێک لەو 10 وڵاتە کۆماری ئیسلامی ئێرانە و 9 وڵاتەکەی دیکە بۆمبی ئەتۆمیشیان هەیە، بەڵام ئێمە نە چەکی ئەتۆممان هەیە و نە بەنیازی دروستکردنیشین، بەڵکو تەنیا پیتاندنی یۆرانیومان هەیە."
 
خامنەیی ئاماژەی بە جەنگی 12 رۆژەی سوپای وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل کرد و رایگەیاند، "راستە ئەوان هەندێک شوێنیان بۆردوومان کرد. بابەتەکە ئەوەیە ئەمە زانستە. زانست لەنێوناچێ. زانست بە بۆمب و هەڕەشە لەنێوناچێت."
 
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران گوتیشی، "لە لێدوانی سیاسەتمەداراندا زۆرجار پرسی دانوستاندن لەگەڵ ئەمەریکا باس دەکرێ و بۆچوونی جیاواز هەیە. هەندێک کەس دانوستاندن بە بەسوود و پێویست دەزانن. هەندێک بە زیانی دەزانن. هەندێکیان بۆچوونی دیکەیان هەیە و رەنگە لە 20 ساڵ یان 30 ساڵی داهاتوودا دۆخێکی جیاواز بێتە ئاراوە. بەڵام لە دۆخی ئێستادا دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا هیچ سوودێکی بۆ بەرژەوەندیی نیشتمانیمان نییە، بەڵکو زیانیشی هەیە."
 
بە گوتەی خامنەیی، "لەو دەیان ساڵەی ئێمە کارمان لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم لە وڵاتدا کردووە، گوشاری زۆر لەسەر ئێران، لەسەر بەرپرسانی وڵات، لەسەر حکومەتەکانمان هەبووە و دەیانویست بەو گوشارە ئەم کارە بوەستێت، بەڵام ئێمە کۆڵمان نەدا و و کۆڵیش نادەین."
 
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، "لایەنی ئەمریکی پێشتر ئەنجامی دانوستاندنەکانی دیاری کردووە، واتە رایگەیاندووە کە دەیەوێ دانوستاندن بکات و ئەنجامی ئەو دانوستاندنە راگرتنی چالاکییە ئەتۆمییەکان و پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران بێت."
 
عەلی خامنەیی گوتی، "واتە لەگەڵ ئەمەریکا لەسەر مێزی دانوستاندن دابنیشین و ئەنجامی ئەو دانوستاندنەی لەگەڵیان دەکەین ئەوەیە کە ئەوەی ئەوان گوتیان دەبێ بکرێ کە ئەوە دانوستاندن نییە، بەڵکو سەپاندنە؛ دابنیشن و دانوستاندن لەگەڵ لایەنێک بکەن و ئەنجامی ئەو دانوستانە بەپێویستی دەزانن ئەوە بێ کە ئەوان دەیانەوێ. باشە ئایا ئەمە دانوستاندنە؟"
 
ئاماژەی بەوەش کرد، "هیچ گەلێکی بەشکۆ دانوستاندنێک کە هەڕەشەی لەگەڵ بێت قبووڵ ناکات. ئەمریکا دەیەوێ دانوستاندن بکات بۆ ئەوەی مووشەکی دوورهاوێژ و مامناوەندیشمان نەبێ. ئەمریکا دەیەوێ مووشەکی مامناوەندیشمان نەبێت و دەستی ئێران هێندە بەتاڵ بێت کە ئەگەر بێتوو دەستدرێژی بکرێتەسەر، نەتوانێ تەنانەت وەڵامێکی سەربازگەیەکی ئەمریکا لە عێراق یان شوێنێکی دیکە بداتەوە."
 
رۆژی 19-09-2025 ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە 9 دەنگی نەخێر و 4 دەنگی بەڵێ بڕیاری دا کە سزاکانی سەر ئێران بگەڕێنەوە، ئەگەر تاوەکو 28ی ئەم مانگە تاران بە رێککەوتن رازی نەبێت.
 
20ی ئەیلوول ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان رایگەیاند، لە ئەگەری گەڕاندنەوەی سزاکان، سەرجەم هاوکارییەکان لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆم هەڵدەپەسێرن.