دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە تاران بیستران

 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان و زانیاریی بڵاوکراوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە زۆربەی ناوچەکانی تارانی پایتەختی ئێران بیستراون.
 
کاژێر 12:38ی خولەکی بەرەبەیانی سێشەممە، هاووڵاتییان لە گەڕەکە جیاوازەکانی تارانەوە رایانگەیاند، دەنگی زۆر بەهێزی تەقینەوەیان بیستووە.

ئەو ناوچانەی دەنگی تەقینەوەکانیان لێ بیستراوە بریتین لە:

رۆژئاوای تاران: ئەکباتان، ستارخان، پوونەک، تەرەشت، شەهرەکی غەرب و تاران سەر.
 
رۆژهەڵاتی تاران: هێروی، نارمەک، پیرۆزی و سەیدخەندان.
 
باکووری تاران: وەلەنجەک، سەعادەت ئاباد و دروس.
 
ناوەڕاست و باشوور: یوسف ئاباد، جۆردن، نازی ئاباد، شارە ڕەی و باقر شەهر.
 
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، هەندێک لە هاووڵاتییان لە گەڕەکی یافت ئاباد ئاماژەیان بەوە کردووە کە پێش دەنگی تەقینەوەکە، دەنگی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بیستووە. هەروەها لە ناوچەی تەرەشت، باس لەوە دەکرێت کە کاژێر 12:18ـی خولەکی شەو، دەنگی کاراکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بیستراوە و دوای 20 خولەک تەقینەوەیەکی گەورە روویداوە.
 
لە ناوچەی شەهری رەی لە باشووری تاران، هاووڵاتییان رایانگەیاندووە کە هاوکات لەگەڵ دەنگی تەقینەوەکە، کارەبای بەشێک لە گەڕەکەکان بڕاوە.