پەروەردەی ئێران: لە 28ی شوباتەوە 230 قوتابی و مامۆستا کوژراون
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی ئێران دەڵێ، لە سەرەتای جەنگەوە 230 قوتابی و مامۆستا لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکە کوژراون و 177 قوتابی، مامۆستا و کارمەندی وەزارەتەکەش برینداربوون.
وەزارەتی پەروەردەی ئێران لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردەوە، ئاماژە بەوەش دەکات، هەر لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل 600 قوتابخانە زیانیان بەرکەوتووە یان رووخاون.
جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا-ئیسرائیل 28ی شوبات بە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد.
لە بەرامبەردا سوپای پاسداران و گرووپە هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە، لە رێگەی مووشەک و درۆنەوە هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، ناوەندە جیاوازەکان لە کەنداو و ئیسرائیل.
هەر لەبارەی قوربانیانی جەنگەکە، بەپێی ئامارە نوێیەکانی رێکخراوی فریاکەوتنی ئێران، لەو پێکدادانە سەربازییانەی بە میدیای ئێران بە "جەنگی رەمەزان" ناوی دەهێنێت، تاوەکو ئێستا 208 کەس کە تەمەنیان لە خوار 18 ساڵییەوە بووە، گیانیان لەدەستداوە.