ئێران دەستگیرکردنی 33 بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" رادەگەیێنێت


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران دەستگیرکردنی 30 کەسی لە سێ پارێزگای وڵاتەکە راگەیاند، کە بە گوتەی وەزارەتەکە "کرێگرتەی ئیسرائیل" بوون و زانیاریی وردیان لەسەر بنکە سەربازییەکان داوەتە دوژمن. پۆلیسی پارێزگای سمنانیش رایگەیاند سێ کەسیان بە هەمان تۆمەت دەستگیر کردووە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی فەرمیی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران کە رۆژی سێشەممە،24ـی ئاداری 2026 بڵاویکردووەتەوە، هێزە ئەمنییەکان لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لە پارێزگاکانی هەمەدان، لوڕستان و کرمان، سێ گرووپی جیاوازیان دەستگیرکردووە.
 
گەورەترین گرووپ لە پارێزگای هەمەدان بووە کە لە 24 کەس پێکهاتوون. وەزارەتی ئیتلاعات تۆمەتباریان دەکات بەوەی زانیاریی وردی شوێنە سەربازی، پۆلیسی و ئەمنییەکانیان بۆ "دوژمنی ئەمریکی - زایۆنی" ناردووە. تاران دەڵێت، بەهۆی ئەو زانیارییانەوە بەشێک لەو بنکە سەربازییانە لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە بۆردوومان کراون. لە کاتی دەستگیرکردنیاندا، 11 ئامێری ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی "ستارلینک" و چەندین پارچە چەک دۆزراونەتەوە.
 
هەر لە چوارچێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنانەدا، لە پارێزگای لوڕستان چوار کەس بە تۆمەتی کۆکردنەوەی زانیاری بۆ دەزگا هەواڵگرییە بیانییەکان دەستگیرکران.
 
هاوکات لە پارێزگای کرمانیش، دوو کەس کە لەژێر پەردەی "خێزان"دا خەریکی گواستنەوەی چەکی قاچاخ بوون، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران. وەزارەتی ئیتلاعات ئاشکرای کردووە کە بە هاوکاریی "راپۆرتی هاووڵاتیان" شوێنی ئەو دوو کەسەیان دۆزیوەتەوە و دەستیان بەسەر حەوت دەمانچە و 10 مەخزەنی فیشەکدا گرتووە.
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سمنانی ئێران دەڵێت، سێ کەسیان بە تۆمەتی کارکردن ئەمریکا و ئیسرائیل و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر بنکە هەستیارەکانی شاری شاهرود دەستگیر کردووە.
 
سەید مووسا حوسێنی، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سمنان رایگەیاند: "دوای وەرگرتنی زانیاری لەلایەن هاووڵاتیان و بەدواداچوونی وردی هەواڵگری، دەرکەوت سێ کەس پەیوەندییان لەگەڵ دوژمنی ئەمریکی-زایۆنی هەیە و خەریکی چالاکی گوماناوین."
 
ئەم شەپۆلەی دەستگیرکردنی "تۆڕەکانی سیخوڕی" لە کاتێکدایە، گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل گەیشتووەتە ئاستێکی بێپێشینە و تاران چەندین جار هۆشداریی داوە کە بە تووندی رووبەڕووی هەر هەوڵێکی تێکدەرانە دەبنەوە، کە ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکە بخاتە مەترسییەوە.