هێرشکرایە سەر بەڕێوەبەرایەتیی گازی ئیسفەهان و وێستگەیەکی کارەبا لە خوڕەمشەهر
رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، لە هێرشە ئاسمانییەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتی گازی ئیسفەهان و وێستگەیەکی کارەبا لە خوڕەمشەهر بۆردوومانکراون. قایمقامی خوڕەمشەهریش دەڵێت، سەرەڕای هێرشەکە وێستگەی کارەبای شارەکە لە کارکردن نەوەستاوە.
بەپێی راگەیێندراوی میدیا فەرمییەکانی ئێران، لە هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممەدا، باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتی گاز لە شەقامی "کاوە" لە شاری ئیسفەهان کراوەتە ئامانج. بەهۆی تووندیی بۆردوومانەکەوە، جگە لە باڵەخانە سەرەکییەکە، زیانێکی زۆر بەر دامەزراوە و باڵەخانەکانی دەوروبەریش کەوتووە.
هاوکات لەگەڵ هێرشەکەی ئیسفەهان، هێڵی گواستنەوەی گازی وێستگەی کارەبای خوڕەمشەهریش بۆردوومانکراوە. لەو بارەیەوە، قایمقامی خوڕەمشەهر رایگەیاند، هێرشەکە هیچ قوربانییەکی لێنەکەوتووەتەوە و وێستگەکەش بەبێ وەستان بەردەوامە لە کارکردن.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە لە کاتێکدان، دوێنێ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا مۆڵەتی پێنج رۆژی دیکەی بۆ ئێران درێژکردەوە تاوەکو تەنگەی هورمز بەڕووی کەشتییەکاندا بکاتەوە. سەرەڕای ئەو مۆڵەتە و هەوڵە سیاسییەکان، هێرشەکانی هەردوولا بۆ سەر یەکدی بە چڕی بەردەوامن، ئەوەش زیانی ئابووری و گیانیی زۆری لێکەوتووەتەوە و ناوچەکەی بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر بردووە.