پەرلەمانتارێکی ئێران: ژێرخانی وڵاتانی کەنداو دەبێتە ئامانجی رەوامان
رووداو دیجیتاڵ
عەلی خزریان، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران، هۆشدارییەکی تووند ئاراستەی وڵاتانی کەنداو دەکات و دەڵێ، لە ئەگەری هەر هاوکارییەک بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، تەواوی ژێرخانی ئەو وڵاتانە دەبێتە "ئامانجی رەوا"ی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
عەلی خزریان لە لێدوانێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی لە داواکاری و مافەکانی سازش ناکات و پێویستە وڵاتانی ناوچەکەش، بەتایبەتی کەنداو هاوکاریی ئەمریکا و ئیسرائیل نەکەن بۆ هەر جۆرە هێرش و ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی سەربازی بۆسەر وڵاتەکەی و گوتی: "کۆماری ئیسلامیی ئێران پاشەکشە ناکات. پێویستە گەلانی وڵاتانی کەنداو بزانن، ئەگەر سەرۆکەکانیان دەیانەوێ هەنگاوێکی لەو شێوەیە بنێن، دەبێت ئەو وڵاتانە چۆڵ بکەن."
عەلی خرریان ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئەگەری هاوکاریکردنی ئەمریکا و ئیسرائیل لە هەر ئۆپەراسیۆنێکدا لە لایەن وڵاتانی کەنداوەوە، تەنیا بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا ناکرێنە ئامانج، بەڵکو ژێرخانەکانیان، وەک پرد و دامەزراوەکانی نێو شارەکانیان، دەبنە ئامانجی رەوا.
سەبارەت بە ئیسرائیلیش، خزریان گوتی: "ئەگەر دەستپێشخەریی هێرش بکەن، بە جۆرێک وەڵامیان دەدرێتەوە کە تاوەکو ئێستا ئەزموونیان نەکردبێ."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، خزریان باسی لە راگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە کرد و ئاماژەی بەوەدا کە ئێران ئەم ئاگربەستەی پێ قبووڵ نییە، چونکە ئاگربەستەکە تاکلایەنەیە و ترەمپ تەنیا بۆ خۆی رایگەیاندووە و دەکرێ لە هەر کاتێكدا شەڕەکە دەستپێبکاتەوە.
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 22ـی نیسان ئاگربەستە دوو هەفتەییەکەی نێوان تاران و واشنتن کۆتایی دەهات، بەڵام چەند کاژێر بەر لە کۆتاییهاتنی، دۆناڵد ترەمپ لە ترووس سۆشیاڵ رایگەیاند، ئاگربەستەکە درێژ دەکاتەوە.
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە، میدیای فەرمی ئێران بڵاویکردەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمشەو بە سەرۆکایەتیی شاندێک گەشتێکی ناوچەکە دەستپێدەکات و یەکەمین وێستگەی سەردانەکەشی ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان دەبێت.
میدیای ئەمریکاش لە زاری دوو بەرپرسەوە بڵاویکردەوە، ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر بە مەبەستی دانوستاندن و کۆبوونەوە لەگەڵ عێراقچی دەچنە ئیسلامئاباد.