پزیشکیان: ئەگەر رژێمی زایۆنی ئاگربەست پێشێل نەکات، ئێمەش نایکەین

رووداو دیجیتاڵ
 
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی رێز لە ئاگربەستەکە دەگرێت، ئەگەر ئیسرائیل رێزی لێ بگرێت.
 
پزیشکیان لە گفتوگۆدا لەگەڵ ئەنوەر ئیبراهیم، سەرۆکوەزیرانی مالیزیا وای گوتووە.
 
ماڵپەڕی سەرۆکایەتیی ئێران دەڵێت، پزیشکیان بە سەرۆکوەزیرانی مالیزیای گوتووە، "ئەگەر رژێمی زایۆنی ئاگربەستەکە پێشێل نەکات، ئێرانیش پێشێلی ناکات".
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەوروبەری کاژێر 01:00 (بە کاتی هەولێر) دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ (Truth Social) رێککەوتنێکی بۆ "ئاگربەستی گشتگیر و تەواو" لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا راگەیاند.
 
ترەمپ نووسیویەتی، رێککەوتن کراوە و ئاگربەستەکە دوای نزیکەی 6 کاژێری دیکە دەستپێدەکات و بۆ ماوەی 12 کاژێر بەردەوام دەبێت، کە بە گوتەی ئەو "کۆتایی بە جەنگەکە" دێنێت.
 
بە گوێرەی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بێت، ئێستا یەکەم قۆناخی ئاگربەستی ئیسرائیل و ئێران دەستیپێکردووە و نەخشەڕێگەکەی ئاگربەست بەم جۆرەیە: 
 
6 کاژێری یەکەم: ئێران و ئیسرائیل دوایین 'ئەرک'ی خۆیان تەواو دەکەن
 
لەدوای 12 کاژێر: جەنگ بە فەرمی دەوەستێت
 
12 کاژێر تێپەڕی: ئێران شەڕ رادەگرێت
 
12 کاژێری دواتر: ئیسرائیل شەڕ رادەگرێت
 
لە 24 کاژێری تەواودا: جیهان پێشوازی لە کۆتاییهاتنی جەنگی 12 رۆژە دەکات
 
رۆژی 13ی حوزەیرانی 2025 جەنگەکە بە هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئێران دەستیپێکرد و تاوەکو بەیانیی ئەمڕۆ بەردەوام بوو. بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆسەر ئێران سەدان کەس کوژران و هەزارانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئیسرائیلیش، بەهۆی مووشەکبارانی ئێرانەوە نزیکەی 30 ئیسرائیلی کوژراون و سەدانی دیکەش بریندار بوون.