ئێران لە چوار مانگدا زیاتر لە یەک ملیۆن پەنابەری ئەفغانی دیپۆرتکردووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

ئێران لە دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرە ئەفغانستانییەکان بەردەوامە، بیانووەکەش نیشتەجێبوونی نایاسایی و تێوەگلانی چەند کەسێکیان لە دژایەتیکردنی ئێران و سیخوڕی بۆ ئیسرائیلە.
 
محەممەدساڵح جوکار، پەرلەمانتار و سەرۆکی لیژنەی کاروباری ناوخۆیی لە پەرلەمانی ئێران دەڵێت، "تەنیا لە ساڵی 1402، وەزارەتی دەرەوە ڤیزەی داوەتە 850 هەزار کەسی بیانی و هەموویان لە وڵاتەکەمانن. پار یەک ملیۆن و 300 هەزار کەسی بیانی هاتوونەتە نێو ئێران و نەگەڕاونەتەوە. چۆن وڵاتێک دەتوانێ بەم بارۆدوخەوە، ئابوورییەکەی باشتر بکات، چۆن دەتوانین کێشە ئەمنییەکانی وڵات چارەسەر بکەین؟"
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی ناوخۆی ئێران، لە چوار مانگی رابردوودا نزیکەی یەک ملیۆن پەنابەری ئەفغانی لە ئێران دیپۆرتکراونەتەوە.
 
پەرلەمانی ئێرانیش خەریکی تاوتوێکردنی پرۆژەیاسایەکە بۆ رێکخستنی کاروباری کۆچبەران و پەنابەران، لە لایەکی دیکەوە، ئێران مۆڵەتی دەرکردنی پەنابەرە ئەفغانستییەکانی درێژکردەوە.
 
ئەحمەد مەعسوومیفەر، نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە خوراسانی رەزەوی ئاماژە بەوە دەدات، "لەبەر ئەوەی لەوبەری سنوور ئامادەکاری و ژێرخانی پێویست بۆ پێشوازی لە پەنابەران نییە، بڕیارمانداوە بە هاوئاهەنگی هەردوو لایەن ماوەکە درێژ بکەینەوە. دوایین کات کە دیاریکراوە 6ـی مانگی ئەیلوولە، ئەمە دوایین کاتە بۆ گەڕانەوەیان. ئەگەر کەسێک لە دوای ئەو وادەیە لە سنوور تێپەرێت، سزای نیشتەجێبوونی نایاسایی بەسەریدا دەسەپێنرێت."
 
لە 13ی حوزەیرانی ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا، بە دەیان کەس لە ئێران بە تۆمەتی سیخوڕی یان هاوکاریکردنی ئیسرائیل دەستگیرکراون، بەشێکیان خەڵکی ئەفغانستانن.
 
وەزیری ناوخۆی ئێران رایگەیاندووە، تاران دژایەتیی پەنابەران ناکات و سیاسەتی دژە پەنابەر پەیڕەو ناکات، بەڵام ژمارەیان لە ئێران زۆرە و وڵاتەکەی بەرگەی ئەو هەموو پەنابەرە ناگرێت.
 
ئەمیرخان موتەقی، وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان لەوبارەیەوە باس لەوە دەکات، "ئەفغانستان بۆ ئەو شەپۆلە تووندەی ناردنی پەنابەران لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ئامادە نییە. چەندینجار بە بەرپرسانی ئێرانمان راگەیاندووە لەوانەش بەڕێز سەرۆککۆماریان، کە پێویستە ناردنی پەنابەرانی ئەفغانستانی بە قۆناخ بێت."
 
بەپێی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی ئێران، نزیکەی 6 ملیۆن پەنابەری ئەفغانی لە ئێران نیشتەجێن، کە بەشێکیان بە نایاسایی چوونەتە ئەو وڵاتە.