سەرۆکی پەرلەمانی ئێران: هەوڵێکی هاوشێوەی تەقاندنەوەی پەیجەرەکانی حیزبوڵڵا بۆ مووشەکەکانمان هەبوو

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، ئیسرائیل ویستوویەتی ئۆپەراسیۆنێکی هاوشێوەی پەیجەرەکانی حیزبوڵڵای لوبنان بۆ کۆنترۆڵکردنی سیستمی مووشەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکات. دەشڵێت، ''زوو بە پیلانەکەمان زانی و پووچەڵمان کردەوە.''
 
رۆژی چوارشەممە، 24-09-2025، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەبارەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و وڵاتەکەی رایگەیاند، "دووژمن توانیبووی دەستی بگاتە هەندێک ئامێری ئەلیکترۆنیی بواری سەربازیمان و هاکیان بکات.''
 
بەگوتەی قالیباف، پێنج بۆ شەش ساڵ لەمەوپێش، ئیسرائیل هەوڵیداوە هاوشێوەی ئۆپەراسیۆنی تەقینەوەی پەیجەرەکانی حیزبوڵڵای لوبنان لە 17 و 18ـی ئەیلوولی پار کە تێیدا زیاتر لە سێ هەزار کەس لە بەیرووت بریندار بوون و 42 کەسیش کوژران، کاریگەری بخاتە سەر سیستمی مووشەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ''بەڵام تاران زوو بە پیلانەکەی زانی و پووچەڵی کردەوە.''
 
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، لە نیسانی 2024 دوای یەکەم هێرشی مووشەکییان بۆ سەر ئیسرائیل کە بە ''بەڵێنی راستگۆیی یەک'' ناسراوە، بەرپرسانی وڵاتەکە هەستیان بەوە کردووە کە هەندێک کێشەی دیکەیان لە سیستمی مووشەکیدا هەیە، ''زانیمان لە رێگەی مانگی دەستکردەوە بەر لەوەی هێرشی مووشەکی بکەین، [ئیسرائیل] لە ئۆپەراسیۆنەکەمان ئاگادار دەبێتەوە.''
 
لە 13ی حوزەیرانی 2025، جەنگێکی 12 رۆژە بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد و ئێرانیش بە مووشەکی بالیستی و درۆنی بۆمبڕێژکراو وەڵامی دایەوە. قالیباف گوتی، "ئێمە ئامادەیی هێرشی ئیسرائیلمان هەبوو و چاوەڕوانکراو بوو، بەڵام لە شێوەی هێرشەکەدا تووشی شۆک بووین."
 
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، لە دەستپێکی جەنگی 12 رۆژەدا، ئیسرائیل بە کوشتنی فەرماندە سەربازییەکان و زانا ئەتۆمییەکانیان لە ''مێشک و چاو''ـی ئێرانی داوە، ''بەڵام کاریگەرییەکەی تەنیا تاوەکو نیوەڕۆی هەمان رۆژ بوو."
 
محەممەد باقر قالیباف هۆشداری دایە ئیسرائیل و گوتی: ''ئەگەر ئیسرائیل جارێکی دیکە هێرش بکاتەوە، تێدەگات کە ئێستا هەموو شتێک گۆڕاوە".
 
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رەتیکردەوە لە جەنگی 12 رۆژەدا عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران چووبێتە نێو حەشارگە و گوتی، ''دوای 40 ساڵ، دووبارە وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە ژووری جەنگدا ئامادە بوو و بەشێوەیەکی راستەوخۆ فەرماندەیی دەکرد".