بانکی ناوەندیی ئێران: لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵ ئابوورییەکەمان 4.7% گەشەی کردووە
رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاند، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ئابووریی وڵاتەکەیان بە لەبەرچاوگرتنی کەرتی نەوت بە رێژەی 4.7% بەراورد بە شەش مانگی یەکەمی ساڵی رابردوو گەشەی کردووە، گەشەی ئابووریی وڵاتەکەش بەدەر لە کەرتی نەوت لەو ماوەیەدا 3.6% بووە.
بەپێی دوایین راپۆرتی بانکی ناوەندیی ئیران، کەرتە ئابوورییەکان هەموویان گەشەیان کردووە جگە لە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی و کانزاکان.
ئامارەکانی بانکی ناوەندیی ئێران لەسەر گەشەی ئابووریی وڵاتەکە، نزیکە لە ئاماری ناوەندە گەورەکانی جیهان.
بانکی جیهانی رایگەیاند، ئابووریی ئێران توانیوویەتی لە ئەم ساڵدا بە رێژەی 3.8% گەشە بکات و بەردەوام بێت لە گەشەکردن.
سەرەڕای ئەوەی بانکی جیهانی دەڵێت، ئابووریی ئێران گەشەی کردووە، بەڵام هۆشداری دەدات کە گەشەکردنی ئابووریی ئێران گشتگیر و بەردەوام و درێژخایەن نییە.
بانکی جیهانی دەڵێت، بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری و هەژاری، گەشەی ئابووریی ئێران رووبەڕووی ئاڵنگاریی جیددی بووەتەوە.