قەیرانی ئاو هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەکات

رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانی ئێران بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکومەت بۆ تاوتوێکردنی قەیرانی ئاو کۆبووەوە و هەموویان لەسەر یەک شت کۆکن؛ قەیرانەکە بووەتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکە.
 
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، "دۆخی وڵات لەڕووی ئاوەوە قەیراناوییە. هەموو پارێزگاکانمان کێشەی ئاویان هەیە. ئەم کێشەیەش تەنیا بە دابەشکردنی ئاو چارەسەر نابێت. ئابووری کێشەی هەیە، کشتوکاڵ کێشەی هەیە، شێوازی ئاودێریی کێشەی هەیە، پیشەسازی کێشەی هەیە."
 
ئەم ساڵ ئێران رووبەڕووی سەخترین وشکەساڵی و قەیرانی ئاو بووەتەوە، تەنانەت حکومەت ناچار بوو ناوە ناوە ئاو لەسەر 10 ملیۆن دانیشتووی ئێران ببڕێت.
 
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە پاییزی ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا تێکرای بارانبارین لەسەر ئاستی ئێران تەنیا 62 ملیمەتر بووە.
ئێران 6 ساڵی وشکەساڵی تێدەپەڕێنێت
بەرپرسانی ئێرانی دەڵێن، وڵاتەکە لە بەردەم شەشەمین ساڵی وشکەساڵیدایە. 14 بەنداوی گەورەی وڵاتەکەش، لەوانە سێ بەنداو کە ئاوی خواردنەوە بۆ تاران دابین دەکەن، کەمتر لە 10٪ ئاویان تێدایە.
 
محەممەدحوسێن ئومێد، سەرۆکی زانکۆی تاران باس لەوە دەکات، "زاڵبوون بەسەر قەیرانی ئاودا ئیتر هەڵبژاردنی سیاسەت یان ئامۆژگارییەکی پسپۆڕانە نییە، بەڵکو پێویستییەکی حاشاهەڵنەگری نیشتمانییە؛ قەیرانێک کە ئەگەر پشتگوێ بخرێ، مەترسییەکی جیدی لەسەر سەرچاوە سروشتییەکانی وڵات، ئاسایشی نیشتمانی، یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و داهاتووی نەوەکان دروست دەکات."
 
نیگەرانییەکان لەبارەی بەردەوامیی وشکەساڵی و قەیرانی ئاو لە ئێران لە کاتێکدایە، لە مانگی رابردووەوە تاوەکو ئێستا چەند شەپۆڵێکی بەفر و بارانبارین زۆربەی ناوچەکانی وڵاتەکەی گرتەوە.
 
بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ئێران دەڵێ، گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە رێژەی ئاوی گلدراوی بەنداوەکان نەکردووە و کۆی گشتیی ئاوی پشت بەنداوەکان تەنیا 34٪ـە.