دادگەی باڵای ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر دوو گەنجی بۆکان دا سەپاند

 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی باڵای ئێران، بڕیاری دادگەی شۆڕشی مهابادی بۆ لەسێدارەدانی دوو هاونیشتمانی پەسند کرد، کە خەڵکی بۆکانن و لەدوای خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2022 دەستگیرکراون.
 
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردەوە، سزای لەسێدارەدانی ئەو دوو گەنجە، لەلایەن دادگەی باڵای ئێرانەوە پشتڕاست کراوەتەوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، رۆژی سێشەممە 24ی شوباتی 2026، رەئووف شێخ‌ مەعرووفی و محەممەد فەرەجی، کە ئێستا لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری بۆکان راگیراون، لە بڕیارەکە ئاگادار کراوەنەتەوە.
 
رەئووفی تەمەن 23 ساڵ لە 26-12-2022 و محەممەدی تەمەن 24 ساڵ لە 21-2-2023 دەستگیرکراون و پاییزی ئەم ساڵ بە جیا براونەتە بەردەم دادوەر.
 
ئەم دوو گەنجە لەلایەن لقی یەکی دادگەی شۆڕشی مهاباد، بە تۆمەتی "موحاربە" و " فساد فی‌الارض" بڕیاری لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا.
 
ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە ساڵانە زیاترین سزای لەسێدارەدان تێیدا جێبەجێ دەکرێت. 
 
رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ، لەنێویاندا رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ دەڵێن، ئێران دوای چین، دووەمین وڵاتە کە زۆرترین سزای لەسێدارەدانی تێدا جێبەجێ دەکرێت. 
 
بەگوێرەی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران هرانا، لە سەرەتای ساڵی 2025ـەوە تاوەکو تا کۆتایی ئەو ساڵە هەزار و 922 کەس لە ئێران بە تۆمەتی جیاواز لەسێدارەدراون.