پزیشکیان: گەشبینم بە دانوستاندنەکان
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، بەرلە دەستپێکردنی خولی سێیەمی گفتوگۆکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەشبینە و دەڵێت، ئەم گفتوگۆیانە دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ کۆتاییهێنان بە بنبەستی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و واشنتن.
رۆژی چوارشەممە، 25-02-2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە گوتارێکدا لە تاران رایگەیاند: "ئێمە ئاسۆیەکی گەش بۆ دانوستاندنەکان دەبینین. لەژێر رێنمایییەکانی رێبەری باڵا (عەلی خامنەیی) بەردەوامین لە پڕۆسەکە بۆ ئەوەی بتوانین لەم بارودۆخی 'نە شەڕ و نە ئاشتی'یە تێپەڕین."
ئەم گوتانەی پزیشکیان لەکاتێکدایە، بڕیارە سبەی پێنجشەممە گەڕێکی نوێی دانوستاندنەکان لە جنێف دەستپێبکات. بەگوێرەی میدیای فەرمی ئێران، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە بۆ بەشداری لەو دانوستاندنە بەرەو سویسرا بەڕێکەوتووە.
هاوکات لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ دانوستاندن، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکدا لەبەردەم کۆنگرێس هێرشی کردە سەر تاران و رایگەیاند، ئێران مووشەکی پەرەپێداوە کە هەڕەشەیە بۆ سەر ئەورووپا و ئێستاش کار بۆ دروستکردنی مووشەکێک دەکەن کە بگاتە خاکی ئەمریکا. ترەمپ گوتیشی: "ئێران دووبارە خەریکی پەرەپێدانی ئامانجە ئەتۆمییە شەڕانگێزەکانیەتی."
لە بەرامبەردا، ئیسماعیل باقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە و بە "دووبارەکردنەوەی درۆ گەورەکان" وەسفی کردن. بەپێی زانیارییە فەرمییەکانی تاران، مەودای مووشەکەکانی ئێران دوو هەزار کیلۆمەترە، لە کاتێکدا ناوەندە ئەمریکییەکان مەزندە دەکەن مەوداکەیان سێ هەزار کیلۆمەتر بێت، کە ئەمەش بەس نییە بۆ گەیشتنە ناو خاکی ویلایەتە یەکگرتووەکان.
سەرەڕای هەڕەشەکان، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە پەسەدی ئەو چارەسەری دیپلۆماسییە، بەڵام جەختی کردەوە کە "هەرگیز رێگە نادەم ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
لەلایەکی دیکەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند کە "دەرفەتێکی مێژوویی" لەبەردەمدایە بۆ رێککەوتن، بەو مەرجەی لە پێشینە بدرێتە دیپلۆماسی. عێراقچی بەڵێنی دا کە وڵاتەکەی "لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا" چەکی ئەتۆمی پەرەپێنادات، بەڵام دەستبەرداری مافی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ئەتۆمی نابن بۆ مەبەستی ئاشتییانە.
ئەم خولەی دانوستاندنەکان دوای ئەوە دێت کە پار پێنج خول وتوێژ کران، بەڵام بەهۆی شەڕی 12 رۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، پڕۆسەکە پەکیکەوت.
لە تاران، دۆخەکە تێکەڵەیەکە لە ترس و چاوەڕوانی. ترەمپ دوو گرووپی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ناردووەتە ناوچەکە و ئێرانیش هەڕەشەی وەڵامی تووند دەکات.
مەهدی، کە فرۆشیارێکە لە تاران، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە: "ئەمریکییەکان تەنیا چاوترسێنمان دەکەن و دانوستاندنەکان سەرکەوتوو دەبن." بەڵام تەیبە، کە ژنی ماڵەوەیە، نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە و دەڵێت: "ئێستاش خەڵک دەناڵێنن و لە جەنگدا برسێتی دەبێت، بەڵام لانیکەم بە جەنگ رەنگە چارەنووسمان روون بێتەوە."