وەزارەتی پەروەردەی ئێران: بەهۆی جەنگەوە 243 قوتابی و مامۆستا گیانیان لەدەستداوە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ناوەندی زانیارییەکانی وەزارەتی پەروەردەی ئێران، نوێترین ئاماری قوربانییانی مامۆستایان و قوتابییانی لە ئەنجامی جەنگدا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 243 مامۆستا و قوتابی گیانیان لەدەستداوە و دەیانی دیکەش بریندارن.
 
رۆژی سێشەممە، 26ـی ئازاری 2024 حوسێن سادقی، سەرۆکی ناوەندی زانیارییەکانی وەزارەتی پەروەردەی ئێران رایگەیاند: "تاوەکو ئەمڕۆ کۆی گشتیی ئەو قوتابی و مامۆستایانەی لە شەڕەکەدا شەهید بوون گەیشتووەتە 243 کەس، کە 192یان قوتابی و 51یان مامۆستان."
 
سەبارەت بە ژمارەی بریندارەکانیش، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوە کردووە، 184 مامۆستا و قوتابی بریندار بوون (164 قوتابی بریندارو 20 مامۆستا و کارمەندی پەروەردەیی).
 
زۆرترین قوربانی کە لە کەرتی پەروەردە کەوتەوە، لە یەکەم رۆژی جەنگەکە بوو، کە بە مووشەک هێرشکرایە سەر قوتابخانەی شەجەرە تەیبە لە شاری مینابی سەر بە پارێزگای هورمزگانی ئێران. بەرپرسانی ئێران دەڵێن، لەو هێرشەدا لانیکەم 175 کەس کوژراون کە زۆربەیان منداڵ بوون.