مانگی سووری ئێران: زیاتر لە 680 کەسمان لەژێر داروپەردوو رزگار کردوون
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری لیژنەی چاودێریی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران رایگەیاند، لە سەرەتای جەنگەوە تاوەکو ئێستا تیمەکانیان توانیویانە زیاتر لە 680 کەس لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا رزگار بکەن، نزیکەی نیوەیان منداڵ و مێردمنداڵن.
ئەمیرموحسین زیائی، بەڕێوەبەری لیژنەی چاودێریی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران دەڵێت، تیمەکانیان لە زۆربەی شوێنەکان، بەتایبەت لەو ناوچانەی سڤیلنشینن، بە کەمتر لە پێنج خولەک دەگەنە شوێنی رووداوەکان و دەست بە ئۆپەراسیۆنی گەڕان و رزگارکردن دەکەن.
سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانەی لە مردن رزگارکراون، زیائی گوتی: "لە سەرەتای جەنگەوە تاوەکو ئێستا، توانراوە زیاتر لە 680 کەس لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکان دەربهێندرێن و رزگار بکرێن. لەو ژمارەیەش زیاتر لە 280یان منداڵ و مێردمنداڵی تەمەن خوار 18 ساڵن."
بەڕێوەبەری لیژنەی چاودێریی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران راشیگەیاند ، ئەوەی لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەبینرێت تەنیا بەشێکە لە دیمەنەکان و قەبارەی کارەکان و رووداوەکان لەوە گەورەترن کە دەردەکەون.
ئەم لێدوانانەی بەرپرسەکەی مانگی سووری ئێران لە کاتێکدایە، بەهۆی پەرەسەندنی گرژی و پێکدادانەکان لە ناوچەکە، تیمەکانی فریاگوزاری کەوتوونەتە ئامادەباشییەکی تەواوەوە بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووانی جەنگ.
شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران نزیکە لە مانگێک، لە سەرەتای شەڕەوە تاوەکو ئێستا چەندین شوێنی سڤیل لە ئێران و ئیسرائیل کراونەتە ئامانج و قوربانی زۆری لێکەوتووەتەوە.