شارەوانیی تاران: تاوەکو کۆتایی جەنگ گواستنەوەی گشتی بێ بەرامبەر دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی شارەوانیی تاران رایگەیاند، بەهۆی دۆخی تایبەتی جەنگەوە بڕیاریانداوە خزمەتگوزارییەکان بۆ دانیشتووانی شارەکە زیاد بکەن، دەشڵێت، تاوەکو کۆتایی جەنگ گواستنەوەی گشتی لە تاران بەخۆراییە.
 
عەبدولموتەهەر محەممەدخانی، گوتەبێژی شارەوانیی تاران بە میدیای فەرمیی ئێرانی رایگەیاند، "بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی تایبەتی جەنگ، هەوڵمانداوە توانای پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکانمان بۆ هاووڵاتییان پەرە پێ بدەین و زیادی بکەین."
 
سەبارەت بە شێوازی کارکردنی ناوەندە خزمەتگوزارییەکان، محەممەدخانی ئاماژەی بەوە کرد، "بۆ نموونە؛ مەیدانەکانی میوە و سەوزە بە بێ پشوو و داخران بەردەوامن لە کارەکانیان، هەروەها فرۆشگاکانی (شەهرەوەند)ی سەر بە شارەوانیش بە هەمان شێوە لە خزمەتکردن بەردەوامن."
 
لەبارەی کەرتی گواستنەوە، گوتەبێژی شارەوانیی تاران ئاشکرای کرد، "بەپێی بڕیاری سەرۆکی شارەوانیی تاران، گواستنەوەی گشتی تاوەکو کۆتایی جەنگ بۆ هاووڵاتییان بێبەرامبەر (خۆڕایی) دەبێت."
 
ئەم هەنگاوانەی شارەوانیی پایتەختی ئێران لەکاتێکدایە، شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بەردەوامە و پێی ناوەتە رۆژی 26ـەمەوە و بۆردوومانی شارەکان بەتایبەت تاران چڕتر بووەتەوە.