سوپای ئێران: کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئابراهام لینکنمان کردە ئامانج
رووداو دیجیتاڵ
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای ئێران دەڵێت، بە مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئابراهام لینکنی ئەمریکا.
ئەمڕۆ چوارشەممە 25-03-2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای ئێران (ئەرتەش) رایگەیاند، بە چەند مووشەکێکی زەوی بە دەریا، هێرشیان کردووەتە کەشتیی جەنگیی ئابراهام لینکن.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سوپای ئێران، بە سەرکەوتوویی کەشتییە جەنگییەکەی ئەمریکایان پێکاوە.
پێشتر شەهرام ئیرانی، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای ئێران هۆشداری دابوو، جووڵەی کەشتیی فڕۆکەهەڵگرەکەیان ژێر چاودێری گرتووە و لە ئەگەری نزیکبوونەوەی ئەو کەشتییە بۆ مەودای سیستەمە مووشەکییەکانی ئێران، دەکرێتە ئامانج.
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئەمریکی هەواڵەکەیان پشتڕاست یان رەت نەکردووەتەوە.