پزیشکیان: لە پرسی جەنگدا هەموو ناوەندەکانی بڕیار یەکدەنگن
رووداو دیجیتاڵ
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران جەخت لە پێویستیی یەکدەنگی لە پرسە چارەنووسسازەکانی وڵاتەکەیدا دەکاتەوە و دەڵێت، لە پرسی جەنگ و بەڕێوەبردنیدا، هەموو دامەزراوەکانی بڕیار لە تاران هاوئاهەنگ و یەکگرتوون.
شەوی چوارشەممە، 25ی ئازاری 2026، مەسعود پزیشکیان لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "وەک چۆن رێبەری شەهیدمان جەختی لێ کردبووەوە، لەسەر ئەو باوەڕەین کە لە پرسە سەرەکییەکانی وڵاتدا دەبێت 'یەکدەنگی' ببیسترێت."
سەرۆککۆماری ئێران لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا ئاماژەی بە دۆخی ئێستای ناوچەکە و گریمانەکانی جەنگ کردووە و دەڵێت: "ئەمڕۆش لە پرسی جەنگ و چۆنیەتیی بەڕێوەبردنیدا، هەموو ئەرکانەکانی بڕیار بەرێبەرایەتیی رێبەری باڵا بە یەکگرتوویی و هاودڵی یەکدەنگن."
پزیشکیان ئەو یەکدەنگی و یەکگرتووییەی نێوان دامەزراوەکانی دەوڵەتی بە "پشتێنەی بەڕێوەبردنی کاریگەر" ناوبرد بۆ "تێپەڕبوون لە قەیرانەکان و دابینکردنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان."