قالیباف: بە هاوکاریی وڵاتێکی ناوچەکە، دووژمنان دەیانەوێ دوورگەیەکی ئێران داگیربکەن


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت: زانیارییان هەیە دووژمنانی وڵاتەکەیان بە هاوکاریی وڵاتێکی ناوچەکە، ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنێک دەکەن بۆ داگیرکردنی دوورگەیەک.

رۆژی چوارشەممە، 25ـی ئاداری 2026، محەممەدباقر قالیباف لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "بەپێی هەندێک زانیاری، دووژمنانی ئێران بە پاڵپشت و هاوکاریی یەکێک لە وڵاتانی ناوچەکە ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنێک دەکەن بۆ داگیرکردنی دوورگەیەک لە ئێران."
 
قالیباف ناوی دوورگەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام پێدەچێت مەبەستی دوورگەی خارگ بێت.
 
باسی لەوەش کرد، "هەموو جموجووڵەکانی دووژمن لەژێر چاودێریی هێزە چەکدارەکانماندایە و ئەگەر هەر هەنگاوێک بنێن، هەموو ژێرخانەکانی ئەو وڵاتە دەبنە ئامانجی هێرشی بەردەوام بەبێ هیچ سنووردارکردنێک."
 
ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاند، بڕیارە رۆژی هەینی 27-03-2026، هەزاران سەربازی مارێنز بگەنە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، رێک لەو رۆژەی کە ترەمپ وەک مۆڵەتی کۆتایی بۆ ئێران دیاریکردبوو بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز.
 
بەپێی زانیارییەکان، کەشتیی هێرشبەری (USS Tripoli) و کەشتیی (USS New Orleans) پێکەوە لەگەڵ 2,200 سەربازی یەکەی 31ـی مارێنز، دەچنە ناو سنووری فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم). هەروەها پێنتاگۆن فەرمانی بە یەکەیەکی دیکەی مارێنز (یەکەی 11) کردووە کە لە سەر کەشتیی (USS Boxer) لە چەند هەفتەی داهاتوودا بەرەو ناوچەکە بەڕێ بکەون.
 
جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا/ئیسرائیل، لە 28ـی شوباتی 2026 دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
 
رۆژی دووشەممە 23ی ئادار، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، دەستیان بە گفتوگۆکردووە لەگەڵ ئێران بۆ رێککەوتن و راگرتنی جەنگەکە، بەڵام بەرپرسانی ئێران ئەوە رەتدەکەنەوە.