ئێران: ئەو کەشتییانەی سەر بە دووژمن نین دەتوانن بە تەنگەی هورمز تێپەڕن
رووداو دیجیتاڵ
کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، ئەو کەشتییانەی "سەر بە دووژمن نین" دەتوانن بە ناو تەنگەی هورمزدا تێپەڕن، بەو مەرجەی پابەندی رێساکانی ئاسایش بن و هاوئاهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی تاران بکەن. ئەمە لە راگەیێندراوێکدا هاتووە کە ئاراستەی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کەشتیوانی (IMO) کراوە.
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەو کەشتییانەی کە "دووژمنکار" نین، دەتوانن لە "تێپەڕبوونی سەلامەت" لە تەنگەی هورمز سوودمەند بن، بەو مەرجەی: "بە هیچ شێوەیەک بەشداری نەکەن لە کارە دەستدرێژیکارییەکان دژی ئێران و پشتگیرییان نەکەن. بە تەواوەتی پابەندی رێسا راگەیێندراوەکانی ئاسایش و سەلامەتی بن. هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ دەسەڵاتە باڵاکانی ئێران بکەن."
ئێران جەختی کردووەتەوە، کەشتی و کەرەستە و هەر جۆرە سەرمایەکی سەر بە "لایەنە دەستدرێژیکارەکان،" بەتایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و هەر وڵاتێکی دیکە کە بەشداریی هێرشەکانی کردووە، مافی تێپەڕبوونیان بە ناو تەنگەکەدا نییە.
تاران لەم راگەیێندراوە، کە رۆژی سێشەممە 24-03-2026 لە لایەن (IMO)ـەوە بۆ وڵاتانی ئەندام بڵاوکرایەوە، ئەمریکا و ئیسرائیلی بە بەرپرسیاری هەر جۆرە "نا ئارامی، نا سەقامگیری و زیادبوونی مەترسییەکان" لەم رێڕۆ ئاوییە گرنگەدا زانی. ئێران هەردوو وڵاتی تۆمەتبار کرد بە هەڵگیرساندنی "جەنگێکی نایاسایی و تێکدەرانە" کە ئاسایشی کەشتیوانیی نێودەوڵەتیی خستووەتە مەترسییەکی بێوێنەوە.
تەنگەی هورمز کە شا دەماری وزەی جیهانە و 20٪ـی نەوت و گازی پێدا تێدەپەڕێت، لە دەستپێکردنی جەنگ لە 28ـی شوباتەوە، لە لایەن ئێرانەوە داخراوە. ئەم داخستنە بووەتە هۆی بازدانی بەرچاوی نرخی سووتەمەنی لە بازاڕەکانی جیهاندا.
ئەم هەڵوێستە نوێیەی تاران لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە وڵاتانی جیهان کردووە کەشتیی جەنگی بنێرن بۆ پاراستنی تەنگەکە و کردنەوەی بە رووی کەشتیوانیی جیهانیدا.