سەرۆکی نوێنەرایەتیی خاچی سوور لە ئێران: بە زۆریی قوربانییانی سڤیل تووشی شۆک بووم
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی نوێنەرایەتیی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە ئێران نیگەرانیی خۆی لە کوژرانی هاووڵاتییانی سڤیل و وێرانبوونی ناوەندە خزمەتگوزارییەکان دەردەبڕێ و دەڵێ، دیمەنی تابووتی منداڵەکان "دڵتەزێنە."
ڤینسان کاسارد، سەرۆکی نوێنەرایەتیی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا بۆ میدیای ئێران رایگەیاند، "بەهۆی ئەو زیانە گەورەیەی بەر خەڵکی سڤیل و کەرتە خزمەتگوزارییەکان کەوتووە، تووشی شۆک بووم. دیمەنی وێرانبوونی قوتابخانەی کچانی میناب و تابووتی ژمارەیەکی زۆر لە منداڵان منی هەژاند."
کاسارد ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە تاوەکو ئێستا تەنیا لە تارانەوە شوێنەوارەکانی هێرشەکەی بینیوە، بەڵام ئەو راپۆرتانەی لە تیمی مەیدانیی خۆیان و مانگی سووری ئێرانەوە پێیان گەیشتووە، "زۆر نیشانەی مەترسیدار و نیگەرانکەریان تێدایە."
سەرۆکی نوێنەرایەتیی خاچی سوور جەختی لە پێویستیی پاراستنی گیانی سڤیلەکان و ناوەندە تەندروستییەکان کردەوە و گوتی، "پێویستە هاووڵاتییانی سڤیل لە هێرشەکان بپارێزرێن، هەروەها دەبێت نەخۆشخانەکان و ناوەندە خزمەتگوزارییەکان پارێزراو بن. یاسا نێودەوڵەتییە مرۆییەکان لەمبارەیەوە زۆر روون و راشکاون."
لە کۆتایی قسەکانیدا ڤینسان کاسارد هاوخەمیی خۆی بۆ گیانلەدەستدانی کارمەندێکی مانگی سوور و برینداربوونی چەند کارمەندێکی دیکە لەکاتی راپەڕاندنی ئەرکە مرۆییەکانیاندا دەربڕی و گوتی، "لەدەستدانی هەر کارمەندێکی فریاگوزاری، زیانێکی گەورەیە بۆ خێزانەکانیان و ئەو کۆمەڵگەیەی چاوەڕێی هاوکاریی ئەوانن."
بەپێی دوایین ئامارەکان، تاوەکو ئەمڕۆ 25ی ئاداری 2026، ژمارەی قوربانییەکانی جەنگ لەنێو ئێراندا لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بەم شێوەیە:
کۆی گشتیی کوژران: رێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا دەڵێ، 3,268 کەس کوژراون.
قوربانیانی سڤیل: 1,443 کەسیان هاووڵاتیی سڤیل بوون کە لانیکەم 217یان منداڵ بوون.
ئاماری فەرمیی تاران: وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئامارە فەرمییەکانی خۆی بڵاوکردووەتەوە و باس لە کوژرانی 1,500 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 19,000 کەس دەکات.
زیانە سەربازییەکان: بەپێی سەرچاوە میدیاییەکانی ئێران، زیاتر لە 1,100 سەرباز و ئەندامی دیکەی هێزی چەکداری ئێران لە بەرە جیاوازەکاندا کوژراون.
زیانی مادی: زیاتر لە 67,000 ناوەندی سڤیل و زیاتر لە 600 قوتابخانە لە ئەنجامی بۆردومانەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە یان خاپوور کراون.