کورد و ئازەرییەکانی نەغەدە خۆیان بۆ هەڵبژاردن ئامادە دەکەن

رووداو - هەولێر

چالاکڤانانی کورد لە شاری نەغەدە داوا لە ئازەرییەکانی ئەو شارە دەکەن، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شار لیستێکی هاوبەش بڵاوبکەنەوە. 

ئەوان داوا دەکەن، ژمارەیەک کاندیدی کورد و ئازەری کە دەتوانن بێلایەنانە خزمەتی زیاتری شارەکە بکەن، لەو لیستەدا بگونجێندرێن. 

ئازەرییەکان هێشتا وەڵامی ئەرێنییان بەو پێشنیازە نەداوەتەوە. هەروەها پەرلەمانتارێکی ئازەری شاری ورمێ لەهەوڵدایە کاندیدە ئازەرییەکان لەسەر پێکهێنانی لیستێکی هاوبەش، یەکڕیز بکات. 

هەڵبژاردن لە شاری نەغەدە بە هەستیاری گرێدراوە. ئەو شارە 82 هەزار کەس دانیشتووی هەیە. ئازەری رێژەیەکی بەرچاو لە دانیشتووانی ئەو شارەی رۆژهەڵاتی کوردستان پێکدێنن. زۆربەی گەڕەکەکان بەسەر کورد و ئازەرییەکان دابەش بوونە. رێژەی دانیشتووانی کورد لەنێو شار رۆژ بە رۆژ کەمتر دەبێتەوە. دانیشتووانی ئەو شارە دەڵێن، خزمەتگوزاری کەم دەدرێتە گەڕەکە کوردنشینەکان. دەرفەتی دامەزراندن بۆ کورد لە ئازەرییەکان کەمترە.

نەغەدە لەچاو شارەکانی دەورووبەری کەمتر گەشەیکردووە. بوونی دەرفەتی کار و داهات لە شارەکانی دەورووبەر یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی جێهێشتنی ئەو شارەیە. بەشێک لە سەرمایەدارانی کوردیش بەهۆی هاوکارینەکردنی دامودەزگا حکومییەکان سەرمایەکانیان دەبەنە شارەکانی دیکە.

داڕشتنەوە: حەکیم داود